دووانیان دەستبەسەرن
شەڕەکەی سەیدسادق پێنج برینداری لێکەوتەوە
+964
بڕوا مەجید – سەیدسادق
لە گوندی کەچەڵەی ماو لە قەزای سەیدسادق، شەڕ و دەمەقاڵی لە نێوان چەند گەنجێکدا روویدا، بەم هۆیەوە پێنج كەس بریندار بوون.
شەڕەكە شەوی رابردوو روویداوە، کەمال سەعدون، کارگێڕی ئێشكگر لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوکەتی حاجی موشیر لە سەیدسادق، بۆ 964 وتی” شەڕ و دەمەقاڵی لەنێوان چەد هاوڵاتییەک لە نزیک گوندی ماوی سەر بە قەزای سەیدسادق روویدا، بەهۆی شەڕەکەوە پێنج بریندار گەیەندرانە نەخۆشخانەکەمان کە برینەكان بەهۆی چەقۆ و بەردەوە بوون، سێ لە بریندارەکان دوای چارەسەری پێویست رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی کران، دوو کەسی تریان چارەسەر کران و لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون.”
بەپێی زانیارییەکانی نەخۆشخانەی سەیدسادق، كە بە 964یان داوە، بریندارەکان تەمەنیان لە نێوان 23 ساڵ تا 58 ساڵ بووە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەك زانیاریی ئەوەی بە 964 نەدا شەڕەكە لەسەر چی بووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا