دایە بەیان...بەتەمەنترین بەشداربووی فێستیڤاڵی هەولێر
“جلی كوردیی ئێستا هەمووی رووت و قووتە”
964+
رێباز خدر – هەولێر
دایە بەیان ژنێكی سەلار و سەنگینی بەشداربوونی فێستیڤاڵی هەولێرە بۆ خواردنی كوردەواری و كاری دەستی، ئەو گلەیی لە دیزاینی ئیستای جلی كوردی هەیە و دەڵێت، هەنووی رووت و قووتە.
دایە بەیان بە پەیامنێری 964ی وت، “بەس بۆ ئێوە قسەم كردووە، كەناڵەكانی دیكە زۆر داوام لێدەكەن قسەیان بۆ بكەم، بەڵام من لە رووم نایە قسە بكەم و دەلەرزم”.
ئەو خانمە بەتەمەنترین بەشداربووی فێستیڤاڵی هەولێرە و بەرهەمی كاری دەستی دەفرۆشن، لە بازن و دەستبەند و تەسبیح و كڵاو و ئەو جۆرە شنانە، كە وەك خۆی دەڵێت، كچێكی تووشبووی تالاسیمیای هەیە و ئەو دیزاینەكان دەكات و ئەوانیش بۆی دروست دەكەن.
“نرخی كاڵاكان لە سێ هەزار تا 30 هەزار دیناری تێدایە، ئەوانەی شتە گرانەكان دەكڕن عەرەبەكانن، بەڵام كوردەكان دەڵێن توانامان نییە بیكڕین و پارەمان نییە”، دایە بەیان وادەڵێت.
ئەو پێی وایە كچە گەنجەكان بە كاری دەستی خەریك بن باشترە لەوەی بە مۆبایل خەریك بن.
ئەو ژنە سەنگینە، كە جلێكی كوردیی دەستووری كۆنی لەبەرە، گلەیی لە دیزاینی ئێستای جلی كوردیی ژنان هەیە و دەڵێت، هی ئێستا هەمووی رووت و قووتن و هەتا رانیان هەڵیدەكەن، بەڵام خۆی جلی كوردی داپۆشراوە و بە حورمەتە.
دایە بەیان سوپاسی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو و بەرپرسانی شارەوانیی هەولێر دەكات، كە بە خۆڕایی شوێنیان لە فێستیڤاڵەكە بۆ دابین كردوون، چونكە كچەكەی تالاسیمیای هەیە، بەڵام دەڵێت، “بۆ خەڵكی تر بە پارەیە”.
فێستیڤاڵی هاوینەی هەولێر كە لە پارکی سامی عبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت، ماوەی چوار رۆژە دەستیپێکردوە، لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بڕیار وایە 15 رۆژ بخایەنێت، کە پێکهاتووە لە زیاتر 50 کۆشک و کابینە و کەپر.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا