گەڵابەیەك دەستی بەسەرداگیرا و گۆڕەپانێكیان پێ خاوێن كردەوە
هەولێر
گەڵابەیەك دەستی بەسەرداگیرا و گۆڕەپانێكیان پێ خاوێن كردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی لە هەولێر بڵاویكردەوە، تیمەكانیان دەستیان بەسەر گەڵابەیەكدا گرت، كە پاشماوەی خانووبەرەی لە شوێنێكی قەدەغەكراو فڕێداوە، بۆیە وەك سزایەك گۆڕەپانێكیان پێ خاوێن كردووەتەوە.
بەڕێوەبەراتییەكە لە سۆشیال میدیای خۆی بڵاویكردەوە، “پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو گەڵابەیەک کاری قەدەغەکراوی کردبوو، كە پاشماوەی خانووبەرەی لە شوێنی سەرپێچیدا فڕێدابوو، بۆیە لەلایەن تیمەکانیانەوە گەڵابەكە دەستی بەسەرداگیرا، دواتر ئەمڕۆ هەینی گۆڕەپانێکی لە گەڕەکی کارێزان، تەنیشت مزگەوتی ئیمان لە سنووری شارەوانیی چواری پێ خاوێن كرایەوە، ئەمەش وەك سزای فڕێدانی پاشماوەكە”.
هەروەها ئەوەیان باس كردووە، كە نزیکەی 29 باری پێ گواستراوەتەوە و (350) مەتر سێجا لە پاشماوەی بیناسازی پێ گواستراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیبەوەش ناوەستن و هۆشداریی دەدەن، لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن لەم هەڵمەتانە و ئەوەی سەرپێچی بكات، ئا بەو شێوەیە سزای دەدەن.