هەژماری من چی دەڵێ؟

سێ رێنمایی بۆ ئەو کەسانەی لەبانکە دوورخراوەکە موچەیان وەردەگرت

964+

ئەحمەد مستەفا

ئەم رێنماییانەی خوارەوە گرنگن بۆ سوودمەندانی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی “IDB” کە ئێستا لە پڕۆژەی هەژماری من نەماوە و دوورخراوەتەوە، ئەوەش بۆ ئەو کەسانەی لەسەر ئەو بانکە موچەی مانگانەیان وەردەگرت لە هەرێمی کوردستان.

رێنماییەکە تیمی هەژماری من ئامادەیان کردووە بێ ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرابکەن لەو بانکە موچە وەردەگرن، وێنەیەکی بە 964 دراوە ئەو رێنماییانە بۆ ئەوەن دیار بێت لەلای موچەخۆرەکان لەمەبەدوا چۆن موچەیان پێ دەگات، وەکخۆی بیخوێننەوە؛

– جۆری یەکەم – خۆت تۆمارکردووە بەڵام کارتت وەرنەگرتووەتەوە:
مووچەکەت هەر وەک پێشتر بە کاش وەردەگریت تاکو تیمی هەژماری من پڕۆسەی گۆڕینی بانکەکەت تەواو دەکەن و دواتر ئاگادارت دەکەنەوە لە گۆڕانی بانکەکەت و هەنگاوەکانی داهاتوو.
– جۆری دووەم – خۆت تۆمار کردووە و کارتی بانکیت وەرگرتووەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا مووچەت لە ڕێیەوە وەرنەگرتووە:
مووچەکەت هەر وەک پێشتر بە کاش وەردەگریت تاکو کارتە بانکییە نوێیەکەت ئامادە دەبێت و پەیوەندیت پێوە دەکرێت کە وەریبگریتەوە و دواتر مووچەکەت دەچێتە سەر هەژمارە بانکییە نوێیەکەت.
– جۆری سێهەم – کارتی بانکیت وەرگرتووەتەوە و مووچەکەت بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگرتووە:
بەردەوام دەبیت لە وەرگرتنی مووچەکەت لە ڕێی هەژماری بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی هەتا ئەو کاتەی تیمی هەژماری من پەیوەندیت پێوە دەکەن و کارتە نوێیەکەت وەردەگریتەوە.

رۆژی 8.9.2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی “IDB” لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.