ئەو پیاوەى لەرووى دەرونییەوە تەواو نەبوو
دواى ئەوەى 964 بڵاوى کردەوە؛ فریاى کەوتن و گواستیانەوە بۆ ماڵى ئارام
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، 964 دیمەنى کەسێکى بڵاوکردەوە کە لەبەردەم شوقەکانى کارێزە وشک لە شارى سلێمانى فڕێدرابوو، بەشێوەیەک جل و بەرگى لەبەر نەبوو و بارى دەروونیشى تەواو نەبوو. دوا نیوەڕۆش تیمەکانى سەنتەرى فریاکەوتنى سلێمانى، فریاى کەوتن و گواستیانەوە بۆ ماڵى ئارام.
بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوڵاتییەک ڤیدیۆیەک بۆ پەیامنێرى 964 دەنێرێت کە تێیدا کەسێک دەردەکەوێت، بە رووتى لەبەردەم شوقەکانى کارێزەوشک فڕێدراوە و جلوبەرگى لەبەر نییە و بەهۆى نەخۆشییەوە ئاوساوە، بۆیە هەر زوو پەیامنێرى 964 دەچێتە شوێنەکە.
دوو هاوڵاتى لە دانیشتوانى ئەو شوقانە بۆ 964 قسەیان کرد و داوایان کرد ئەوان و ئەو کەسەش رزگار بکەن، چونکە ئەو کەسە جگە لەلایەنى دەروونییەکەى دۆخى تەندروستیشى زۆر خراپە و بە رووتى فڕێدراوە.
کەسەکە لەسەر شۆستەیەکى رق و لەگەرمادا فڕێدرابوو، ژێر خۆى پیس کردبوو و هیچ جلوبەرگێکى لەبەر نەبوو.
هەرکە 964 ڤیدۆى حاڵەتەکەى بڵاوکردەوە، تیمەکانى فریاکەوتنى خێرایى سلێمانى بە ئامبوڵانس و تیمێکى پزیشکیەوە گەیشتنە شوێنەکە و کەسەکەیان گواستەوە بۆ شارى ئارام.
لاى خۆیەوە، سامان نادر، بەرپرسى فریاکەوتنى خێراى سلێمانى بە 964ـى وت،”چەند رۆژێک دەیبەن بۆ ماڵى ئارام و چارەسەرى پێویستى پزیشکى بۆ دەکەن، ئەگەر باشبووەوە دەیگەڕێننەوە بۆ ماڵەکەى خۆیان”.
شێخ هادى حوسێن کە بەیانى لە 964ـەوە قسەى کرد و داواى لەلایەنى پەیوەندیدار کرد بەهاناى ئەو کەسەوە بچن، دواى گواستنەوەى ئەو کەسە دووبارە قسەى بۆ 964 کردەوە و وتى،”دەستانخۆش، دەنگتان گەیاندین و ئیشێکى زۆر گەورەتان کرد”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح