کەسایەتییەکان لە شەعب بوون
دەستێک جل دوو جەژنی پێوە دەکرا
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
رووناک جەمیل سائیب، کەسایەتی نێوداری سلێمانی و کچی هونەرمەند جەمیل سائیب، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ پەیامنێری964 دەڵێت، ئێستا قەناعەت نەماوە، ئەو پێشی وایە بڕوانامە، پەروەردەی خێزانە و بە خوێندن بە دەست نایەت.
ئەمڕۆ شەممە، کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی لە چایخانەی شەعب بوون، بەرپرسانی خۆجێی سلێمانی و خانەوادە و نەوەکانیان بەشدارییان کرد، چونکە ساڵرۆژی شۆرشی بەردەرکی سەرای سلێمانی بوو.
رووناک جەمیل سائیب، کە تاقانەی چوار برا بووە، باس لە جارانی سلێمانی دەکات و دەڵێت، ئێستاش دەیەوێ 10 ساڵی منداڵی بژی و پێی وایە، ئەوەی لە جاران لەناو خێزانەکان گوزەراوە، قەناعەت و پەروەردەی خێزانەکان کاریگەری لەسەری هەموویان هەبووە.
ئەو دەڵێت، جاران بمان بیستایە کەسێک وەفاتی کردووە لە سلێمانیدا، بابەتێکی زۆر عەجائیب بووە، کەچی ئێستا هەر هەواڵی ئەوە دەبیتین کەسێک کوژرا، هەواڵی کوشتن خۆشە؟!
باوکی رووناک، جەمیل سائیب، کاریگەری تەواوی لەسەر کچەکەی هەبووە و خۆشی دان بەو راستییە دەنێت، کە زۆر کوڕانە مامەڵەی کردووە و زۆرێک یاری کوڕانە دەزانێ.
جەمیل سائیب، ناوی تەواوی جەمیل کوڕی مەلا ئەحمەدی مەلا قادری قەرەداغە چیرۆکنووسێکی دیاری کوردە، لە 16ی ئابی 1887 لە بنەماڵەیەکی ناسراوی ناوچەکە لەدایکبووە و لە تەمەنی 64 ساڵیدا لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە.
لە 6 ئەیلوولی 1930 لە بەردەرکی سەرا لە سلێمانی ڕاپەڕینێکی جەماوەری هەڵگیرسا کە تیایدا یەکەمجار بوو خوێندەواران و قۆشنبیران (مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان) شانبەشانی پیاوماقوڵان و کاسبکاران و بازرگان و جووتیاران و کرێکاران بەشداری ئەوڕاپەرینەیان کرد.
داڕشتنەوەی: ئەحمەد مستەفا