بەندکراوێک دەستی بە شیشی زیندانەکەیەوە گرتووە.
وەزارەتی دادی عێراق:
هەزار و 136 زیندانی ئازاد كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، هەزار و 136 زیندانی لە مانگی رابردوو لە زیندانەكانی عێراق ئازاد كراون، لە ناویاندا 471 زیندانی به پێی بڕیارە دادوەرییە جیاوازەكان ئازاد بوون.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ شەممە 6.9.2025 لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت، “دۆخی مانگانەی ئەو ئازادکردنانەی کە لەلایەن دەزگای چاکسازی عێراقەوە دەكرێت، بە جۆرێكە، كە لە ماوەی مانگی ئابی 2025 بریتی بوون لە ئازادکردنی هەزار و 136 زیندانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیكە، لە ناویاندا 471 زیندانی بەپێی بڕیارە دادوەرییە جیاوازەکان ئازادکراون”.
ئاماژە بەوەش كراوە، “دەزگای چاکسازی بەردەوامە لە چاودێریکردنی وردی رێکارەکانی ئازادکردن، دوای تەواوکردنی هەموو مەرجە یاساییەکان، دڵنیابوون لەوەی کە ئەرکەکان بەپێی رێسا کارپێکراوەکان و بە بەرزترین ئاستی شەفافیەت ئەنجامدەدرێن”.
“ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی داددا دێن، بۆ پاراستنی مافی زیندانییەکان و ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە لە دوای تەواوبوونی سزاکانیان، هاوکات کارکردن بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی یاسایی و کۆمەڵایەتییان بۆ دڵنیابوون لە چاکسازی کاریگەر و یەکگرتنەوەیان”، وەزارەتی دادی عێراق وا دەڵێت.
بەم دواییانە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە یاسای لێبوردنی گشتی هەموار كرایەوە و پەسند كرا، دوای ئەمەش بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، تا پێش مانگی ئابی رابردوو، كۆی گشتی ئەو زیندانیانەی كە بە یاسایی لێبوردنی گشتی ئازادكراون لە عێراقدا، گەیشتبووە 31 هەزار و 452 كەس.