دوێنێ شەو چی روویدا؟
گرنگترین رووداوەکانی دوێنێ شەو؛ کوردستان و جیهان
964+
مستەفا نەهرۆ
بۆ هەموو ئەوانەی شەوی رابردوو لە پشوودابوون و ئاگاداری هەواڵەکان نەبوون، ئەمانە کورتەی گرنگترین ئەو رووداوانەن کە لە چەند کاتژمێری کۆتاییدا و لەو کاتەوەی چاوتان لەسەر مۆبایلەکانتان لابردووە، روویانداوە.
کوردستان و عێراق
📌 دەستەی مافی مرۆڤ لەبارەی دەستگیرکراوانی لالەزار: ماوەی هەفتەیەکە داوامان کردووە کە تیمێکی دەستەکەمان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەستە، سەردانی بەشێک لە راگیراوانی لالەزار بکات، لەنێویاندا لاهور شێخ جەنگی، بەڵام دەزگاکانی ئەمنی سلێمانی داواکارییەکەیان رەتکردووەتەوە. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە “بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی مافی مرۆڤ سنووردار بکات.”
📌 دەستەی مافی مرۆڤ نیگەرانە: سەرەڕای تێپەڕبوونی پازدە رۆژ، هێشتا چارەنووسی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار نادیارە. هەرچەندە ئاسایشی سلێمانی دەڵێت ئەو کەسانە لەلای ئەوان نین، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دەستە، بەشێکیان لەلای دژە تیرۆر یان کۆماندۆن و رێگەنەدان بە بینینیان گومانی ئەوەی دروستکردووە کە ئەشکەنجە درابن.
📌 چەند رۆژێکە باس لەوە دەکرێت کە رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ فشاری لەسەرەو هەوڵێک هەیە بۆ بێدەنگکردنی سەنتەرەکە، دوێنێ شەو رەحمان غەریب روونکردنەوەیەکی دوورودرێژو لە فەیسبووکەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە و لە بەشێکی قسەکانی دەڵێت: ئێمە رێكخراوێكی ناسراوی وەك IMSی دانیماركی پاڵپشتی دارایی دەكات، دەیان سەدان شەریكی لە ئاستی عێراق و ناوخۆی خۆمان و دەرەوە هەیە، میترۆ سەروپێخانە نییە تا حزبێك لافیتەیەك بە دەرگاكەیەوە هەڵبواسن بنوسن دامانخست، رێكخراوەكەمان بە پارەی سیاسی بەرێوە ناچێت تا دەستێوەردان لە كارەكانی بكرێت.
📌 کەشوهەوا: بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی شارەزا، هەڤاڵ سدیق، “هەفتەی داهاتوو باران دەبارێت.” لە نێوان 12 بۆ 15ی مانگ ئەگەری بارانبارین لە دهۆک و سلێمانی زۆرە و لەوانەیە هەولێریش بگرێتەوە.
📌 وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: وەزیر رایگەیاند، تورکیا بەڵێنی داوە رێژەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربداتەوە، لە رێگەی رووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە.
📌 پارێزگاری هەڵەبجە: وەک یەکەمین ژنە پارێزگار لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، خەڵاتی رێزلێنانی لە دەیەمین کۆڕبەندی نیشتمانی بۆ رێزلێنان لە بژاردە نیشتمانییەکان پێبەخشرا.
جیهان
📌 دۆناڵد ترەمپ: واژۆی لەسەر گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ “وەزارەتی جەنگ” کرد و رایگەیاند، ئەم ناوە نوێیە لەگەڵ دۆخی ئێستای جیهاندا گونجاوترە و “پەیامێکی سەرکەوتن” بە هەموو جیهاندا دەدات.
📌 دادگای ئەمریکا دژی ترەمپ: دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا بڕیارێکی دەرکرد و داواکاریی ئیدارەکەی ترەمپی رەتکردەوە کە دەیویست بە شێوەیەکی تاکلایەنانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، بەردەوام بێت لە بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی دەرەوە.
📌 ترەمپ و لوتکەی G20: ترەمپ رایگەیاند، دڵخۆش دەبێت بە بەشداریکردنی سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی چین، لە لوتکەی داهاتووی G20 کە بڕیارە لە ساڵی 2026 لە شاری مایامیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
📌 ترەمپ و ئۆکرانیا: رایگەیاند کە وڵاتەکەی کار لەسەر دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی دەکات بۆ ئۆکرانیا، بە مەبەستی یارمەتیدان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ رووسیا.
📌 زێلێنسکی: “پۆتین دەتوانێت بێت بۆ کیێڤ بۆ دانوستان.”
📌 سزایەکی گەورە بۆ گووگڵ: کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێبژاردنێکی (غەرامە) گەورەی بە بڕی 2.95 ملیار یۆرۆ (3.5 ملیار دۆلار) بەسەر کۆمپانیای گووگڵدا سەپاند.
📌 کاردانەوەی ترەمپ: ترەمپ رەخنەی توندی لە بڕیارەکەی ئەوروپا گرت و بە “کارێکی نادادپەروەرانە” وەسفی کرد. هەڕەشەی کرد کە رێوشوێنی بازرگانی دژی یەکێتیی ئەوروپا دەگرێتەبەر ئەگەر لەم بڕیارە پاشگەز نەبنەوە.
📌 گرژییەکانی ئەمریکا و ڤەنزوێلا: دوای ئەوەی پنتاگۆن رایگەیاند دوو فڕۆکەی جەنگیی ڤەنزوێلی بە شێوەیەکی مەترسیدار بەسەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکیدا فڕیون، ترەمپ هەڕەشەی کرد: “هەر فڕۆکەیەکی جەنگیی ڤەنزوێلی کە هەڕەشە لە سەربازانی ئەمریکی بکات، دەخرێتە خوارەوە.”
📌 وەڵامی ڤەنزوێلا: سەرۆکی ڤەنزوێلا لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپدا رایگەیاند کە هیچ کام لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات نابێت ببێتە پاساو بۆ ململانێی سەربازی.