بەنداوی خەنەس لە پاریزگای دهۆک.وێنە:+964
:وەزیری ئاوی عێراق
“توركیا بەڵێنی دا ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربداتەوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، تورکیا بەڵێنی دا رێژەی ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەربداتەوە، ئەمەش لە رێگەی رووبارەكانی دیجلە و فوراتەوە.
عەون دیاب عەبدوڵڵا ئەمڕۆ هەینی 5.9.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندی لەگەڵ لایەنی تورکیا کرا بۆ زیادکردنی رێژەی ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کەمیی ئاو و پاراستنی رێڕەوی ژینگەیی هەردوو رووبارەكە
ئاماژەی بەوەش کرد، “لایەنی تورکیا تێگەیشتنی تەواویان بۆ قەیرانەکە دەربڕی و بەڵێنیان دا بڕی ئاوی زیاتر لە بەنداوەکانی تورکیاوە بۆ ناو عێراق بەربدەنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوکاریی هاوبەش و لێکتێگەیشتن و پەیوەندی باش لەگەڵ تورکیای دراوسێ”.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق دەڵێت، “پەیوەندییەکە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانە سەختەی ئاو، کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لە ئەنجامی ئەو وشکەساڵییە توندەی کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی هەیە”.
قەیرانی كەمیی ئاو و وشكەساڵی ئەمساڵ كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراق هەیە و هەر ئەمڕۆش موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، داوای كرد چارەسەری كێشەی كەمئاوی لە عێراق بكرێ و داوای فریاكەوتنی بۆ بارودۆخەكە كرد.