کارمەندان و ئەفسەران نوێژەکانیان نافەوتێ
مزگەوتێک لە نێو بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سۆران دروستکراوە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
لەمەودوا، کارمەندان و ئەفسەرانى بەڕێوەبەرایەى پۆلیسى سۆران، خەمى فەوتانى نوێژەکانیان نییە، چونکە لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا مزگەوتێکیان دروستکردووە و لەپاڵ ئەرکە ئیدارییەکانیان، ئەرکە ئاینییەکانى خۆشیان بەجێ دەگەیەنن.
ئەم مزگەوتە هەر چەندە بچوکە، بەڵام ئەرکێکی قورس لەسەر شانی پۆلیسەکان لادەداوە و هەر کە بووە کاتی نوێژ، کارمەندان و ئەفسەران پۆڵ پۆڵ دەچن و بە کۆمەڵ نوێژی خۆیان دەکەن و دەگەڕێنەوە سەر ئەرکەکەیان.
شەماڵ دێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران، بۆ 964 وتی،”سێ مانگە ئەم مزگەوتەمان دروست کردوە، پێشتر مزگەوت لە نزیکی بەڕێوەبەرایتیەکەمان نەبوو، کارمەندان ئەگەر نوێژیان کردبا رێگایەکی دوریان دەبڕی و گرفت بۆ کاروباری هاوڵاتیان دروست دەبوو “.
وەک باسی دەکات، ئێستا کارمەندان دەتوانن هەم لە کاتی خۆی نوێژی خۆیان بکەن هەمیش هیج گرفتێک بۆ ئەرکی و دەوامەکەیان دروست نابێت، دەشڵێت،” لە هەر بنکەیەکی پۆلیس پێویست بێت شوێنی نوێژکردن دروست دەکەن”.
دەربارەی دروست کردنی مزگەوتەکە، مەلا تەها عەبدوڵا، کە مامۆستایەکی ئاینی سۆرانە، بە 964ـی وت،”دروست کردنی مزگەوتەکە، جگە لەوەی خێرێکی گەورەیە، لە رووی شەرعیەوە جائیزە و هیج گرفتی نیە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح