بەڕێوەچوونی یادی مەولود لە هەولێر، وێنە: ئەرشیف
پەیامی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام
“شتی ناڕێک و نادروست تێكەڵ بە یادی مەولوود نەكرێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
یهكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بەبۆنهی مانگی مەولوود و لهدایكبوونی پێغهمبهری ئیسلام پەیامێكی بڵاوكردەوە، داواش دەكەن شتی ناڕێك و نادروست تێكەڵ بە یادەكە نەكرێت.
دەقی پەیامەكە بەم جۆرەیە:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
(هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آَيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ) سورة الجمعة: 2.
بەبۆنەی ساڵوەگەڕی مانگی مهولوودو یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری سەروەرو ئازیزمان ( محمد المصطفى- درودی خوای لەسەر بێت)، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە موسڵمانان بهگشتیو كوردستانیان به تایبهتی و زانايانی ئایینی دهكهین.
ئەم یادەو هاتنە دونیای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) وەرچەرخانێکی مەزنی مێژووی مرۆڤایەتی و مایەی خۆشحاڵی گەورەی جیهانی ئیسلامیە، کە ساڵانە کاریگەری زۆری لەنێو موسڵمانان هەیە، بەتایبەت لای گەلی کورد کە پتر لە هەشت سەد ساڵە لەسەر دەستی زانایان ئەم بۆنەیە جێگەی رێزگرتن و بەرز راگرتن بووە، بۆیە لهگهڵ هاتنهوهی ئهم مانگه خهڵك وەک دەربڕینی وەفاو خۆشەویستی بهجۆشو خرۆشهوه پێشوازی ئەم یادە دەکەن.
تەئکید لە پێویستی پابەندی بە رێ و رێبازی ئەم زاتە مەزنە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروست و زانستی دەکەینەوە، کە خوای گەورە وەک رەحمەت بۆ تێکڕای جیهان رەوانەی کردووە، پەیام و فەرمایشتەکانی بنەماو رێسای گرنگی ژیان و خواناسی و دینداری و مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی.
داوا دەکەین بەوپەڕی شایستەیی و رێزو رێکوپێکی ئەم یادە بەرز رابگیرێت و، شتی نارێک و نادروست و نەگونجاوی تێکەڵ نەکرێت، بە گرنگی دەزانین ئەم بۆنەیە نەکرێتە ئامرازی یەکترشکاندن و ناکۆکی و زەقکردنەوەی دووبەرەکی و ناوزڕاندن و ناتەبایی، لەهەرێمی کوردستان ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان حوکمی ئەم بۆنەیەی یەکلایی و روونکردۆتەوە، تکاشمان وایە لایەنەکان ئەم بۆنەیە بە دەرفەت بزانن بۆ ئاوەڕدانەوەی پتر لە خەڵک و یەکهەڵوێستی و تەبایی و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری و پاراستنی رەسەنایەتی و بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان..
دووبارە پیرۆز بێت ئەم یادە شکۆدارە لە تێکڕای مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی.
مهكتهبی تهنفیزی
یهكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
3ی ئەیلولی 2025
11ی ربیع الأول 1447
سبەی پێنجشەممە 4.9.2025 بەرامبەر بە 12ی رەبیعولئەوەلی 1447 ساڵیادی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلامە و بەم بۆنەیە لە كوردستان چەندین بۆنە و رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەدەچن و پشووی فەرمیشە لە سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم.