ئەگەرچی دان بەوە دەنێت هێشتا قوتابخانەی قوڕی هەیە بەڵام

وەزیری پەروەردە ئاماری قوتابخانە قوڕەکانی هەرێم ئاشکرا ناکات

964+
فەهمی نەبی

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دان بەوە دەنێت، هێشتا لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک قوتابخانە هەن کە لە قوڕ دروستکراون و خوێندن تێیاندا بەردەوامە، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهیچ ئامارێک بکەن.

بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، تا ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 6758 قوتابخانە و پەیمانگە هەن، کە تێیاندا یەک ملیۆن و 800 هەزار و 232 قوتابی و خوێندکار دەخوێنن.

بەڵام هیچ ئامارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ئاماژە بە ژمارەی قوتابخانە قوڕەکان ناکات.

ئاشنا عەبدوڵلا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی 964ی وت “بەدواداچوونم کردووە بۆ ژمارەی ئەو قوتابخانانەی لە قوڕ لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، بەڵام خودی وەزیری پەروەردە هێندەی وتوە کە بەڵێ ژمارەیەک قوتابخانەی قوڕ هەن، ئەو قوتابخانانە لەلایەن خەڵکی گوندەکانەوە دروستکراون”.

ئاشنا ئەوەشی وت “وەزیری پەروەردە بیانووی هەبوونی قوتابخانەی قوڕی بۆ نەبوونی زەوی لەو گوندانە گەڕاندەوە، کە رووبەریان بۆ دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانە نییە”.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بڵاویکردوەتەوە، لە پارێزگاکانی عێراقدا هێشتا  143 قوتابخانەی قوڕ هەن.

ئەگەرچی لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان عێراق و چیندا هەیە، پێویستە ئەو وڵاتە هەشت هەزار قوتابخانە بۆ عێراق دروست بکات، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا توانراوە چوارسەد قوتابخانە تەواو بکرێت، هێشتا نازانرێ ئایا لەو هەشت هەزار قوتابخانەیە چەندیان بەر هەرێمی کوردستان دەکەون.