تای خوێنبەربوون سەریهەڵداوەتەوە

ڤێتەرنەری دهۆک هەڵمەتێکی بۆ پشکنین و کۆتانی مەڕ و ماڵات دەستپێکرد

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بەهۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، ڤێتەرنەری دهۆک هەڵمەتێکی بۆ پشکنین و کۆتانی مەڕ و ماڵاتی سنوورەکە دەستپێکرد.

د.عادل ئەنوەر بەرپرسی هوبەی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری دهۆک بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە  1.9.2025 بە 19 تیم هەڵمەتێکمان بۆ پشکنین و بەسەرکردنەوەی هەموو ئەو شوێن و پڕۆژانە دەستپێکردووە کە ئاژەڵ و مەڕوماڵات بەخێو دەکەن، هەڵمەتەکەش تا 45 رۆژی تر بەردەوام دەبێت”.

“لە هەر شوێنێک پێویست بکات، کوتان بۆ ئاژەڵەکان دەکەین و رێنمایی پێویستیش دەدرێت بە خاوەن ئاژەڵەکان”، د. عادل وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا لە 27 گوندی سنووری قەزای سێمێل کە کەرەنتین کراون، دەستیان پێکردووە و دواتر دەچنە ناوچەکانی دیکەی پارێزگای دهۆک.

عادل ئەنوەر ئاشکراشیکرد، لە قەزای سێمێل پشکنین بۆ چەند کەسێک کراوە کە گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونیان لەسەر بووە و لە ئێستاشدا چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن.

لە 10 رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە قەزای سێمێل تۆمار کران کە یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو و گیانی لەدەستدا، ئەوەی دیکەش خەڵکی قەزای شەنگالە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک لەژێر چاودێری پزیشکدایە، هەردووکیان گۆشتفرۆش بوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

27گوندی سنووری قەزای سێمێل کەرەنتین کراون

27گوندی سنووری قەزای سێمێل کەرەنتین کراون

حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک دەستنیشا...

حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک دەستنیشان کرا