"شەقامێک نییە راوى نەنابم"
یادى تیرۆرکردنى بەکر عەلى شاعیر؛ تەمەنێکى کەم و ناوێکى گەورە
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 31 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شاعیری دیار بەکر عەلی تێپەڕ دەبێت، ئەو شاعیرە گەنج و یاخییەى، بە 26 ساڵ تەمەنەوە بوو بە ناوێکى گەورە لە مێژووى ئەدەبى کوردى.
بەکر عەلی کە لە 19ی حوزەیرانی 1968 لە گەڕەکی کانێسکانی سلێمانی لەدایکبووە، بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە ناچار بوو واز لە خوێندن بهێنێت، بەڵام رۆحى یاخیگەرى و خۆپەروەردەکردنى دەباتە ئاستێکى گەورەوە.
بەهۆى رۆحە یاخیەکەی و بەهێزى وشەکانییەوە، چەندین جار لەلایەن رژێمى بەعسەوە رووبەڕووى گرتن و ئەشکەنجە و راگواستن دەبێت، بەڵام کۆڵنادات و بەردەوام دەبێت.
لەدواى راپەڕین و هاتنەکایەى حکومەتى خۆماڵى، بەکر عەلى هزر و قەڵەمەکەى تیژتر دەکات و دەبێتە دەنگى چەوساوە و نەداران.
له دووه‌مین ساڵیادى راپه‌رینه‌كه‌ى به‌هارى 1991، یه‌كێتى نوسه‌رانى كورد كۆرێكى شیعر خوێندنه‌وه بۆ كۆمه‌ڵێك شاعیر ساز ده‌كات، له‌وێدا هه‌مووان شیعرى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى ده‌خوێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌بوبه‌كر عه‌لى وه‌ك هه‌میشه جیاواز له هه‌موان شیعرێكى سۆزدارى ده‌خوێنێته‌وه هه‌ندێك له ئاماده‌بووان ناڕه‌زایی له به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ى ده‌رده‌بڕن.
لە یاداشتەکانیدا، بەکر عەلى لەبارەى ئەورۆژەوە نوسیویەتى،”من هه‌میشه له سه‌نگه‌ردام، چاوه‌رێش نیم هیچ كام له پارته‌كان سێبه‌ر بگه‌یه‌ننه ئه‌و هه‌ڵقرچانه بێده‌نگ و نهێنییه‌ى ناوه‌وه‌م، یان به واتایه‌كى تر من له‌و میهره‌جانه‌دا ویستم ئه‌وه بسه‌لمێنم، كه هه‌رگیز خۆم به كه‌ڵه‌بابى به‌ر مایكرۆفۆن نه‌زانیوه‌و ناشزانم، من هه‌ندێ ئه‌ركى نیشتمانى هه‌ن نایانده‌م به قه‌ڵه‌مه‌كه‌م و سواڵى چه‌پڵه‌ش ناكه‌م و به‌نیازیش نیم خۆم ته‌رشیح بكه‌م، بۆ ده‌زگایه‌كى باڵا تا شیعر‌و نه‌ڕه‌نه‌ڕ پاسپۆرتی ئه‌و خه‌ونه‌م بن، بۆیە نانه‌ڕێنم؟”
لەبەرەبەیانی 1ی ئەیلوولی 1994، لە کاتی بەشداریکردنی لە رێپێوانێکی دانیشتووانی گەڕەکی حامیە، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانییەوە کرایە ئامانج، سەرەتا گولـلەیەک بەر دەفەی شانی دەکەوێت و پاش برینداربوونی و دەستگیرکردنی، گولـلەیەکی دیکە بە ناو دەمیدا دەنرێت و تیرۆر دەکرێت.
شیعرەکانی بەکر عەلی ئاوێنەی ژیان و ئازارەکانی بوون، لە یەکێک لە شیعرەکانیدا دەڵێت:
“ئای لە عەزابم..
چۆن تەرە نابم
شەقامێک نییە، راوی نەنابم
رۆژێکـم نییە
بەدیار سوتانی عومری دایکمەوە
هەتیو و گریاو، هەڵنەکـوڕمابم
هاوار لە عومرم!
بۆ ئینسان نەبم..
بۆ حیكایەت بم؟
بۆ حەقـم نییە بەحورمەتەوە
لە تێپەڕینی عومرم شایەت بم؟”
ئەم شیعرە بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەو ئازار و ناڕەحەتییەی کە بەکر عەلی لە ژیانیدا بینیویەتی، هەروەها خواستێکی قووڵی بۆ ژیانێکی شایستە و پڕ لە کەرامەت دەردەبڕێت.
یادی بەکر عەلی، یادی شاعیرێکە کە قوربانی دەستی هەژاری و زوڵم بوو، بەڵام وشەکانی بۆ هەمیشە وەک چرایەک رێگای ئازادی و عەدالەت رۆشن دەکەنەوە.
هەر لە بوارى یاخى گەرى نا، لە رووى سۆزدارى و ئەوینداریشەوە، خاوەن خامە و هزرێکى جوان بووە، زۆرێک لە هونەرمەندان شیعرەکانى ئەویان کردووە بە گۆرانى.