"هاندەران چاوەڕوان بن"
ئۆڵتراسی یانەی هەولێر پلانی نوێی هەیە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
بە پلانێکی نوێ و هاندانێکی جیاواز و ئەوروپیانە دەمانەوێت هانی یانەی هەولێر بدەین و جیاوازی دروست بکەین، ئەمە قسەی محەمەد سامی وتەبێژی ئۆڵتراسی یانەی هەولێرە.
محەمەد سامی، وتەبێژی ئۆڵتراسی یانەی هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە 964ی وت، بڕیارمان داوە ئۆفیسی ئۆڵتراس نوێ بکەینەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی پێشوازی لەو میوانانە بکەین کە دێنە لای ئۆڵتراس، وە شیعارەکان بە ئەوپروپی بکەین.
ئۆڵتراس، دوو ژوور و دەست شۆریان نوێ کردووەتەوە و ژمارەیەک گەنج لەوێ پلان دادەنێ بۆ هاندانی یانەکەیان، ئەوەش لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی یانەکە، هەروەک پلانیان وایە، وێنەی سێ ئەفسانە چاپ بکەن، کە یەکێکیان دیار رەحمانە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر پێشتر، ئەوە راگەیاندرا كە پارێزەر و سەرمایەداری هەولێر سەفین یاسین كرایە سەرۆكی یانەی هەولێر، هەرچەندە ئەو لە هەڵبژاردنی یانەكە خۆی كاندید نەكردبوو، بەڵام ئەندامی دەستەی گشتیی یانەكە بوو.
پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو رایگەیاند، لە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی یانەی هەولێر بەردەوام دەبن و ئەمڕۆش دەرگای یانەی هەولێر دەكرێتەوە، كە لە دوای هەڵبژاردنی یانەكە بە دوو رۆژ، دەرگای یانەكە داخرابوو.
یانەی هەولێر لە 15.7.2025 هەڵبژاردنی ئەنجام دا و شەش كەس بۆ دەستەی كارگێڕی هەڵبژێردران، بەڵام دوو رۆژ دواتر دوو كەس لەوانەی دەرچووبوون، دەستیان لەكاركێشایەوە و ئیتر ئیشەكانی یانەكە وەستان و تەنانەت قفڵ لە دەرگای یانەكەش درا.
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دەستەكە دەستبەكار دەبن و ئەندامێكی دیكەش بۆ دەستەكە زیاد دەكرێت و ئەوانەی دەستیان کێشابووەوە دەگەڕێنەوە، ئەوانیش وەك حكومەت و پارێزگا پاڵپشتیی یانەكە دەكەن و ئەوەی كێشەش بۆ یانەكە دروست بكات، رووبەڕووی دەبنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا