دیمەنی باخچەی مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیایبارانی هەڵەبجە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
پەنجا کیلۆ خورما
باخچەکەی مۆنۆمێنت کە خورمای گرتووە باخەوانی دەوێ
964+
ئەحمەد مستەفا
دوو دار خورماکەی باخچەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، ئاشکرابووە ئەمساڵ بە نزیکەی 50 کیلۆ خورمایان گرتووە، لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی مۆنۆمێنتەکە دەڵێن، خورماکە پێش پێگەشتن لەناو دەچێ و کەڵکی خواردنی نییە، بەڵام ئەحتیاجن بە دامەزراندنی شەش باخەوان.
خورماکە لە جۆری مەجهولە، بەڵام کەشوهەوا و نەگونجاوی پێکهاتەی خاکەکە، رەنگ و تامی خورماکە دەگۆڕێ، ئەوان جگە لە خورما دەیان داری دیکەیان هەیە و دەیانەوێ چواردەوری مۆنۆمێنت سەوز بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31.8.2025، محەمەد حەمە سەعید، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجە قسەی بۆ 964 کردووە و زانیاری لەبارەی ئەوە دەخاتەڕوو، مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیارانی هەڵەبجە پلانی بۆ باخچەکەی چییە.
مۆنۆمێنتەکە گرفتی کەمئاوی نییە، بەو پێیەی دوو بیریان هەیە، بەڵام بەڕێوەبەر بە 964ی وت، فەرمانبەرمان کەمە و بەگوێرەی رووبەری فراوانی مۆنۆمێنت و باخچەکەی نییە، ئەوان ئێستا کە 54 دۆنم زەوییان هەیە، زیاتر لە 12 دۆنمیان باخچەیە، ئەو وتی، بۆ ئێستا پێویستمان بە شەش باخەوانی نوێیە.
بۆ ئەوەی چواردەوری مۆنۆمێنت سەوز بکەن، سێ هەزار دەنک بەڕوو، هەزار قەزوان و هەزار گۆیژ چێندراون، گۆیژ و قەزوانەکان رێژەیەکی کەمیان سەوز بوون، بەڵام بۆ ئەوەی پێ رابگەن کارمەند و باخەوانی دیکەیان دەوێ، چاویان لەوەیە ئەگەر ئافاتێک روو لە باخچەکەیان نەکات، ساڵانی داهاتوو چوار دەوری مۆنۆمێنت بکەن بە دار بەڕوو، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی دیواربەند، کە خودی بەڕێوەبەرەکە سەرپەرشتی دەکات.
