ژمارەیەک بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان - وێنە: ئیرنا
چوار رۆژە مانیان گرتووە و ناچنە دیوی ئێران
بەهۆی مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر هاوردەی کاڵا لە مەرزی پەروێزخانەوە راگیراوە
964+
شۆڕش قادری
چوار رۆژە شۆفێرانی بارهەڵگر لە مەرزی پەروێزخان مانیان گرتووە و ناچنە دیوی ئێران، بەو هۆیەشەوە هاوردەی کاڵای ئێرانی لە مەرزەکە راگیراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری حوجەتوڵا فەتاحی جێگری قایمقامی قەسری شیرین بڵاویکردووەتەوە، “مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگرە عێراقییەکان، هەناردەکردنی کاڵای وڵاتەکەمانی بە رێگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان راگرتووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاتوچۆی گەشتیار لە مەرزەکە بەردەوامە و ئەو بابەتەش هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە، بۆ دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی پەروێزخان لە دیوی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە عەباس ئیسماعیل سەرپەرشتیاری مەرزی پەروێزخان، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە بدرکێنێ.
رۆژی چوارشەممە 27.8.2025، شۆفێرانی بارھەڵگری مەرزی پەروێزخان مانگرتنیان راگەیاند و نەچوونە مەرزەکە، ئەو کات، یەکێک لە شۆفێرەکان بە 964ـی وت، “ئەفسەرێکی ئێرانی، گرفت بۆ شۆفێرانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکات و بیانوومان پێدەگرێت، لەخۆیەوە سزا بۆ شۆفێران دەنوسێت یان ئۆتۆمبێلەکانمان بۆ چەند رۆژێک دەخاتە گەراج و دەستیان بەسەردادەگرێت”.
پێشتریش هەر لەسەر ئەو بابەتە شۆفێرانی تانکەر و بارهەڵگرەکان لە مەرزی پەروێزخان چەند جارێک مانیان گرتووە.
دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان یەکێکە لە مەرزە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و کەوتووەتە نێوان قەزای کەلار و شاری قەسری شیرینـی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.