کێشە نامێنێت

چاوەڕوانى چەند ساڵە کۆتایى دێت؛ مانگى 11 پڕۆژەى دووسایدى ژاراوە – دەربەند دەستپێدەکات

964+

وریا فەتاح

ساڵانێکە دانیشتوانى قەزاى پشدەر گرفتارن بەدەست رێگاى یەکسایدى ژاراوە بۆ دەربەند کە قەڵادزێ و رانیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام رەزامەندى دووسایدکردنى بۆ دەرچووە و مانگى 11 دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێت.

25ـى ئەم مانگە، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، لەسەر راسپاردەى سەرۆک وەزیران، رەزامەندیدا بە خەرجکردنى بڕى 32 ملیار و 373 ملیۆن و قسۆرێک، بۆ دروستکردنى پڕۆژەى دروستکردنى دووسایدى ژاراوە بۆ دەربەند.

پڕۆژەکە لە دەروازەى ژاراوە دەستپێدەکات و لە بازگەى بانوەقەل کۆتایى دێت.

964 بەدواچوونى بۆ پڕۆژەکە کردووە و لەگەڵ ئومێد حەمە ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى رێگەوبان و نەیشتەجێکردنى راپەڕین قسەى کردووە، وەک ئەوەى باسى دەکات، ئێستا پڕۆژەکە لە تەندەرینە، دەبێت بۆ کۆمپانیایەک دەربچێت.

بێنەوبەردەى ئەو تەندەرینە، بەقسەى ئومێد حەمە دوو مانگێکى دەوێت، بۆیە پێى وایە مانگى 11ـى ئەمساڵ دەست بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەکرێت.

لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەکانى سەر بەو پارێزگایە، گرفت لە دەرچوونى پڕۆژە نییە، بەڵام زۆربەیان لەسەر کاغەز ماونەتەوە کێشەى خەرجکردنى پارە (نەختینە)یان بۆ دروست دەبێت، بەڵام وەک ئەوەى ئومێد حەمە روونى کردووەتەوە، تەسەور دەکات بۆ ئەو پڕۆژەیە حساباتى تایبەتى بۆ دەکرێت و کێشەى پارەى بۆ دروست نابیت.

لەبارەى کاتى تەواوبوونى پڕۆژەکەش روونى کردەوە، هەتا پڕۆژەى تەندەرین نەکرێت کاتەکەى دیارى ناکرێت، بەڵام هیوادارە هیچ گرفتێک دروست نەبێت.

جەختیشى کردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنى پڕۆژەکە حساباتى ئەوە دەکەن کە گرفتى هاتوچۆ دروست نەبێت، باشترین بژاردەشیان ئەوە دەبێت سەرەتا سایدێک تەواو بکەن، یان ئەگەر هەردوو سایدەکە بەیەکەوە ئیشیان لەسەرکرا، رێگاى بەدیل دروست بکەن.

رێگاى ژاراوە بۆ دەربەند، رێگایەکى یەکسایدى پڕچاڵوچۆڵى و تەنگەبەرە، قەرەباڵغییەکى زۆرى لەسەرە و رێگاى مەرزى کێلێیە، ساڵانێکە دانیشتوانى سنوورەکە دەرگا نەماوە لێى نەدەن بۆ ئەوەى بکرێتە دووساید، بەڵام هەموو دەرگاکان لەڕوویان کڵۆمدران.

رێگاى ژاراوە - دەربەند چاوى لە بانکى نێودەوڵەتییە

رێگاى ژاراوە - دەربەند چاوى لە بانکى نێودەوڵەتییە