وه‌زیرى گه‌یاندنى عێراق كارى له‌سه‌ر ده‌كات

له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ر كوێیه‌كی جیهان کاڵا بكڕیت بۆت دێننه‌وه‌ ناو ماڵه‌كه‌ت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزیرى گەیاندنى عێراق سه‌رقاڵى دروستكردنى کۆدى پۆستە بۆ هاوڵاتییان بۆئه‌وه‌ى بتوانن راستەوخۆ ئەو کاڵایانەى لە بازاڕەکانى جیهان و لە رێگەى ئەلیکترۆنییەوە دەیکڕن بگاتەوه‌ ناو ماڵەکانیان، كه‌ تاوه‌كو ئێستاش له‌رێگه‌ى وڵاتێکى نێوەندگیر، پێیان ده‌گاته‌وه‌.

هیام یاسرى، وەزیرى گەیاندنى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا هاوڵاتی عێراقی کۆدی پۆستەی نییە، کە ناونیشانی پۆستە. بۆیە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەرهەمەکانیان راستەوخۆ ناگەیەننە عێراقییەکان، بەڵکو دەیاننێرن بۆ تورکیا و لە رێگەى کۆمپانیا لاوەکیەکانەوە هاوردە دەکرێن.

وتیشى “پلانمان هەیە و توانیومانە یەکێتی پۆستەی جیهانى رازی بکەین کە چارەسەرێکی تەکنیکی قبوڵکراو بگرێتەبەر بۆ ئەوەی کۆدە عێراقییەکان لەسەر ئاستی جیهانی وەربگیرێن”.

لە یەکێتیی پۆستی جیهانیدا 192 وڵات هەیە و ریزبەندى عێراق بۆ پلەی 32 بەرزبووەتەوە، ئه‌ویش بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی جێبەجێکردنی ستانداردەکانی پابەندبوون بە پۆست لە عێراقدا.

وه‌زاره‌تى گه‌یاندن، پلاتفۆرمێکی تایبەت بە گەیاندنی بەڵگەنامە و کاغەزی فەرمی هه‌یه‌، بە پارەیەکی کەمیش ده‌گاته‌وه‌ ماڵه‌كانیان كه‌ بۆ هه‌ر بابه‌تێك له‌ پێنج هه‌زار دینار تێپه‌ڕ نه‌كات.

له‌ ئێستادا، کەرتی گەیاندنى کاڵا لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە، وەزیرى گەیاندنى عێراق دەڵێت، دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی گەیاندن.

باسى لەوەشکردووه‌، كه‌ داهاتى وەزارەتەکەى بە رێژەیەکى بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە ساڵی 2023 دا داهاتى وەزارەت 120 ملیار دینار بووە، بەڵام لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 450 ملیار دینار.

بانکی ناوەندی سەرجەم مامەڵەکانی بەرەو ئەلیکترۆنی دەبا...

بانکی ناوەندی سەرجەم مامەڵەکانی بەرەو ئەلیکترۆنی دەبات