لە کوێستانەکانی چۆمان

گەنجێکی تەمەن 19 ساڵان بەر مین کەوت و گیانی لەدەستدا

964+

ئاکام غەفور – سۆران

رووداوێکی بەرمین کەوتن لە سنووری قەزای چۆمان روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری 964 لەبەردەم نەخۆشخانەی فێرکاری ئاشتی چۆمان رایگەیاند، رووداوەکە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ روویدا و ئەو کەسەی گیانی لەدەستدا گەنجێکی تەمەن 19 ساڵان بوو، لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بۆ ئامادەکردنی چایەکی دەمەوعەسران چووبوو بۆ کوێستانەکانی گوندی ناوەندە، بەڵام قاچی لەسەر مینێک داناوە پیایدا تەقییەوە و گیانی لەدەستداوە.

پێشتر هەواڵەکە وا بڵاوکرایەوە کە دوو کەسیش لە رووداوەکەدا بریندار بووبن، بەڵام رابەر ئەنوەر، بەرپرسی دەزگای کاروباری مینی هەولێر بە 964ـی وت، لە رووداوەکەدا هیچ کەسێک بریندار نەبوون و تەنیا یەو گەنجە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای مینی هەولێر، ئەمە 10یەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە بە مین لە سنووری ئیدارەی سۆران لەمساڵدا

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

"ئیدارەی سۆران چەقی ناوچەی مەترسیداری مینە"