بەڕێوەبەرى ناحیەى خدران بۆ 964+

“کۆماندۆ هێزێکى تۆکمە و فەرمین ئیشى نایاسایى ناکەن”

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرى ناحیەى خدران، لەسەر هەڵکوتانە سەر ماڵى ئاراسى شێخ جەنگى لەلایەن هێزەکانى کۆماندۆوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت،”ئاگادارنیم کۆماندۆ چوبێتە سەر ماڵى ئاراسى شێخ جەنگى، بەڵام هێزەکانى کۆماندۆ ناوە ناوە کێوماڵى سنوورەکە دەکەن و هێزێکى فەرمین و ئیشى نایاسایى ناکەن”.

بەیانى ئەمڕۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاراس شێخ جەنگى بڵاوى کردەوە،”سەعاتێکە هێزێکی کۆماندۆ چۆتە سەر ماڵەکەم لەگوندی کەلکان و دەرگایان شکاندوەو خەریکی شکاندنی پەنجەرەو دیوارەکانن”.

نوسیویشیەتى،”ئەوە ئێستا خەریکی بارکردن و دزینی ناوماڵەکەمن”.

لەسەر ئەو بابەتە 964 پەیوەندى بە یادگار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرى ناحیەى خدران کرد و پرسیارى ئەوەى لێکرد ئاگادارى هەڵکوتانەسەر ماڵى ئاراس جەنگین لە گوندى کەلکان؟، یادگار عەبدولکەریم لە وەڵامدا وتى،”برایانى کۆماندۆ فەوجێکیان لە هیزۆپ هەیە، مانگێک یان دوو مانگ جارێک جەولاتیان هەیە بۆ سنوورەکە، بە حوکمى ئەوەى سەر بەحرە و مەنتیقەیەکى گەشتیارییە، بۆیە زۆربەى کات بۆ بابەتى ئەمنى دێن و کێوماڵ دەکەن”.

“ئەگەر ئەمڕۆ چوبێتە سەر ماڵى هەرکەسێک زانیارییم نییە، بەڵام وەک ئەوەى هاتبێتن بەڵێ هاتوون هەروەک پێشتر کیوماڵى ئەوێیان کردووە و فەترەیەک لەوێ بوون و رۆشتوون”، بەرێوەبەرى ناحیەى خدران واى وت.

جەختیش دەکاتەوە، وەک بەڕێوەبەرایەتى ناحیە، تەنسیقى پێشوەختەیان هەیە، بەڵام بە وتەى خۆى ئەگەر ئەمڕۆ هێزەکانى کۆماندۆ چوبێتن بۆ سنوورەکە، هیچیان بە ئەوان نەوتووە، هیچ ئاگادار نین.

دەشڵێت: ئەوەى ئەو برایە (ئاراس شێخ جەنگى)، بڵاوى کردووەتەوە کە ماڵیان ئاوا لێکردبێت، خوێندمەوە و دەربرینێکى نابەجێ بوو، ماڵیان لەوێیە هەم خۆى هەم براکانى کە بەسەر بەحرەکەدا دەڕوانێت، ئیمکانى تێدایە هێزەکانى کۆماندۆ چوبێتن، بەڵام کە شتێکى وایان کردبێت نە ئێمە زانیاریمان هەیە و نە بڕواشمان پێیەتى.

لێکۆڵینەوە دەکەن؟، ئەوە پرسیارى 964 بوو، یادگار عەبدولکەریم بەمشێوەیە وەڵامى دایەوە،”بەڵێ لێکۆڵینەوە لە هەر بابەتێکى نایاسایى دەکەین و رێکارى خۆمان دەگرینەبەر، بەڵام ئەو هێزانە هێزى یاسایى و هەر شتێک بکەن بە فەرمانى دادوەر دەیکەن و شتى نایاسایى ناکەن”.

“ئاراس شێخ جەنگى شت بڵاو دەکاتەوە، مەرج نییە ئەوەى ئەو دەیڵێت وابێت”، لە کۆتا قسەکانیدا بەڕێوەبەرى ناحیەى خدران واى وت.

ئەو رووداوانە لێکەوتەى شەڕەکەى لالەزارن کە لەشەوى 21 لەسەر 22ـى ئابى 2025 لە سلێمانى روویدا و هێزە ئەمنییەکانى یەکێتى هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار کە بارەگا و شوێنى مانەوەى لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى بەرەى گەلە.

ئاراس شێخ جەنگى: هێزێکى کۆماندۆ چووەتە سەر ماڵەکەم

ئاراس شێخ جەنگى: هێزێکى کۆماندۆ چووەتە سەر ماڵەکەم