سیمێل
پیاوێک بە تای خوێنبەربوون گیانی لە دەستدا
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
پیاوێکی تەمەن 43 ساڵی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە پیشەی گۆشتفرۆش بووە بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا، پێشتر پشکنینی بۆ کراوە و گومانی هەبوونی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی لێکراوە.
ئەو تووشبووە دانیشتووی کەمپی دۆمیز بووە لە قەزای سێمێل و دوای تێکچوونی باری تەندروستیی، گەیەنرابووە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک و نموونەی پشکنینی لێ وەرگیرابوو.
د. ئەڤراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە 964ـی راگەیاند: “ئەو کەسە پیشەی گۆشتفرۆش بوو و گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی لێدەکرا، بۆیە پشکنینمان بۆ کرد و نموونەکانمان نارد بۆ بەغدا، بەڵام پێش دەرکەوتنی ئەنجامەکان و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پزیشکەکان، نەخۆشخانەی بەجێهێشتبوو.”
وتیشی، ئەنجامی پشکنینی خێزانەکەی و کەسانی دەوروبەری نێگەتیڤ دەرچوون و تەنیا گۆشتفرۆشەکە تووشبوو بووە و ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستان گیانی لەدەستداوە و هەر لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر