قەڵای مەحمود پاشای جاف مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

964+
هونەر فارس – کەلار

قەڵای دێرینی مەحمود پاشای جاف لە گەرمیان، سیمای دێرین و دروستکردنی شێوازی ئەندازەیی دیوارەکانی لەکەرەستەی ناوچەکە، بوونەتە هۆی راکێشانی سەرنجی ئەو کەسانەی بە سنوورەکەدا گوزەردەکەن.
قەڵای پاشا یەکێک لەشوێنەوارە دێرینەکانی گەرمیانە و لەلایەن مەحمود پاشای کوڕی حەمە پاشای جافەوە لەکۆتاییەکانی سەدەی 19ـەدا بۆ حەوانەوە و حکومڕانی ناوچەکە درووستکراوە.

ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بۆ تۆڕی964 دەڵێت، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە لەساڵی 2012ـدا بڕیاردرا 600 ملیۆن دینار بۆ قەڵاکە تەرخان بکرێت، بەڵام تائێستا تەرخان نەکراوە و مەترسی لەسەر ئەو شوێنەوارە گرنگە هەیە.

قەڵاکە بە نزیکی کیلۆمەترێک دەکەوێتە بەشی باشووری گوندی تازەدێی سەر بەقەزای کەلارەوە و لەشوێنی نیشتەجێبوونی پاشا و دار و دەستەکەیەوە بووەتە شوێنی تەوێڵەی ئاژەڵ و ئێستا جگە لەهەندێک دیواری رووخاو هیچی دیکەی تێدا بەدیناکرێت.

لە گەرمیان، زیاد لە 500 شوێنەواری مێژووی بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی نۆژەن نەکردنەوەیانەوە بەشێکی زۆریان بەرەو لەناوچوون دەچن.

پێداچوونەوەی: توانا نەقی