ئیفراز کردنی زەوی _ وێنە: 964
حکومەت رەزامەندی داوە
هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ 35 هەزار پارچە زەوی وەردەگرن
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشان دا لەسەر دابەشکردنی زیاتر لە 35 هەزار پارچە زەوی لە قۆناغێکی نوێدا بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆدا
ئەنجومەنەکە دڵنیاییش دەدات، کە پرۆسەکە بە دادپەروەری بەڕێوەدەچێت و ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە پێشتر سوودمەند بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24.8.2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەزامەندی داوە بۆ پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینی پێشمەرگە، وردبینیش بۆ ناوی 20 هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی حکومەت، بڕیارە بەمزووانە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییەکان دەربکات.
“هاوکات لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشکردندا”، حکومەتی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
بەگوێرەی دوای ئامار، تا ئێستا نزیكەی 200 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی 480 هەزار پارچەزەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.