بەهۆى رووداوەکانى لالەزارەوە
چارەنووسی كەناڵی ZOOM نادیارە؛ 200 كارمەندی لە دڵەڕاوكێدان
964+
وریا فەتاح
سەنتەری میترۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كەناڵی زووم و زەوتكردنی ئۆفیسەكەی بە زەبری هێزی چەكدار رەتدەكاتەوە، داوا لە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، فەرمان دەربكات هێزەكەی بیناكە چۆڵ بكەن و رادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكەنەوە.
سەنتەرى میترۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاوى کردووەتەوە،”پاش دەستبەسەركردنی كەناڵی زووم لە لایەن هێزێكی چەكدار، چارەنووسی كەناڵی زووم و كارمەندانی لەبەردەم چەند ئەگەرێكە كە بەهێزترینیان دووبارەكردنەوەی ئەو ماماڵەیەیە كە لەساڵی 2021 لەگەڵ كەناڵی iPLUS پەیڕەو كرا”.
“پاش رووبەرووبوونەوە خوێناوییەكەی بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025ی شاری سلێمانی و كۆنترۆڵكردنی ئۆفیسی سەرەكی بەرەی گەل و ماڵی لاهوری شێخ جەنگی، هێزێكی ئەمنی هەڵیانكوتایە سەر ئۆفیسی كەناڵی زووم، بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كەرەستە هەستیارەكانی پەخش و كۆمەڵێك لە ئامێری تریان زەوتكرد و گواستیانەوە، بە تەواوەتی جۆر و ژمارەیان نازانرێت، ئەو هێزە جارێ لەناو ئۆفیسەكەدان كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە ستی”، سەنتەرى میترۆ وا دەڵێت.
باس لەوەشکراوە، بەرلەوەی هێزەكە ئۆفیسەكە كۆنترۆڵ بكەن پەیامیان بۆ ناردوون، كە هێزی چەكدار دێنە سەر كەناڵەكە، پێش گەشتنی هێزە چەكدارەكە كارمەندانی زووم لە دەرەوەی بیناكە بوون.
هێمن مەحمود بەرێوەبەری كەناڵی زووم بە میترۆی ووتووە،”داوادەكەین هێزە ئەمنییەكە كەناڵەكە چۆڵ بكەن و كەرەستەكانی بگەڕێننەوە”.
كەناڵی زووم لە شوباتی 2022، مۆڵەتی لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق و حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، لە 29ی ئابی هەمان ساڵ لە سۆشیال میدیا خۆیان ناساند، لە 25ی حوزەیرانی 2024 پەخشی كەناڵەكەیان دەستی پێكرد، پەخشی كەناڵەكە لەهەریەك لە نووسینگەكانی بەغداد و هەولێر و سلێمانی پێكەوە دەكرێت، 200 كارمەندیان هەیە. تاوەكو كاتژمێر 10ی بەیانی 22ـى ئاب بەردەوام بوو لە پەخش.
جەختیش کراوەتەوە کە چارەنووسی كەناڵی ZOOM نادیارە؛ 200 كارمەندی لە دڵەڕاوكێدان.