کەرکوک
شارەوانیی هۆشدارى دەدات: سزای سەرپێچیکاران دەگاتە یەک ملیۆن دینار
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ی ئابی 2025، تیمەکانی شارەوانیی کەرکوک دەستیان کرد بە ئاگادارکردنەوەی دوکاندارانی ناوبازاڕ و هۆشدارییان پێدان سەبارەت بە پابەندبوون بە پاکوخاوێنی و فڕێنەدانی زبڵ و خاشاک لەبەردەم دوکانەکانیان.
هەرکەسێک سەرپێچیی رێنماییەکان بکات، راستەوخۆ غەرامە دەکرێت
دەنیز شوکور، بەڕێوەبەری کەرتی شارەوانیی یەک، بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ لەسەر بڕیاری پارێزگاری کەرکوک، دەستمان کرد بە ئاگادارکردنەوەی دوکان و فرۆشگاکان لە پابەندبوونیان بە پاک و خاوێنی و فڕێنەدانی خۆڵ و خاشاک لەبەردەم دوکانەکانیان، هەرکەسێک پابەند نەبێت، سزاکەی لە 250 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار و داخستنی دوکانەکەی.”
ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و دەدرێنە دادگا و وتیشی،””ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەوە خاشاک فڕێبدات، 50 هەزار دینار سزا دەدرێت، ئەمجارە سزاکان و بڕیارەکان بە توندی جێبەجێ دەکرێن، چونکە هاوڵاتیان هاوکاریی شارەوانی نین.”
یەکێک لە دوکاندارەکان بەناوی مستەفا مزر، نیگەرانیی خۆی بۆ 964 دەربڕی و وتی،”ئاگادارکراینەوە کە خۆڵ و خاشاکمان فڕێ نەدەینە سەر شەقامەکە، ئەگەرنا سزا دەدرێین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەر ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم دوکانەکانمان خۆڵ و خاشاک فڕێبدات، ئێمە غەرامە دەکرێین.”
وەک باسى دەکات، دوکاندارەکان کامێرای چاودێریان هەیە، ئەوانیش هەر ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم دوکانەکەیان پاشماوەی خواردن یان هەر شتێکی تر فڕێبدات، وێنەکەی دەدەنە شارەوانی، وەک دەڵێت،” چونکە نابێت من لەبەر هەڵەی کەسێکی دیکە سزا بدرێم.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح