کونسوڵی تورکیا سوپاسی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد
+964
هیرۆ مەولودی
کونسوڵی گشتی تورکیا لەهەرێمی کوردستان سوپاسی کۆمەکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.2.2023، مەولود یاقوت، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لەهەرێمی کوردستان سەردانی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد.
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، کونسوڵی گشتی تورکیا سوپاس و پێزانینی خۆی و وڵاتەکەی ئاراستەی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد بەرامبەر کار و چالاکیەکانی چەند رۆژەیان بۆ هاوکاری و فریا کەوتنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە.
لەبەرامبەردا موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی کراوە هاوکاری نەبوو بەڵکو ئەرکی سەرەکی خۆیان بووە و خۆشحاڵ بون بەوەی ئەرکی مرۆڤایەتی خۆیان بە جێگەیاندوە.
دەزگای خێرخوازی بارزانی یەکەمین تیمی فریاگوزاری و هاوکاری هەرێمی کوردستان بوو کە هاوکاری گەیاندە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا.
بەپێی راپۆرتی ژمارە 14ـی دەزگایەکە بێت کە بۆ تۆڕی964 ناردراوە و ئامارەکەشی تاوەکو 21ـی ئەم مانگەیە، 88 هەزار و700 ژەمە خۆراکی گەرم، 43 هەزار و 484 بەتانی و دۆشەک و بالیف، 46 هەزار و 220 سێت ئاوی خواردنەوە، 19 هەزار و 290 ژەمە خۆراکی وشک، 20 هەزار و 753 ژەمە خۆراکی خێرا، پێنج هەزار و 404 هاوکاری جۆراوجۆری پزیشکی، شەش هەزار و 808 پارچە جلوبەرگ، نۆ هەزار و 55 سۆپا، سێ هەزار و 311 خێوەت، 500 هەزار لیرە بەکاش بە خەڵک دراوە، هەشت هەزار و 299 پاکێجی منداڵان، 27 تۆن خەڵوز و 100 ئامێری بیناسازی.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق