كۆتاییەكەی كارەساتبار بوو

سەردەمی پاشایەتی لە عێراق؛ چۆن دەستیپێكرد و چی بەسەرهات؟

964+

محەمەد فاتیح

104 ساڵ بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق تێپەڕ دەبێت و پاش کۆتاییهاتنی شۆڕشی 20 لە عێراق، کە دژ به هێزەکانی بەریتانیا بەرپاكرا، دەرئەنجام بە هەوڵی بەریتانییەكان سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردنی عێراق گۆڕدرا  و دەسەڵاتی پاشایەتی هاتە نێو حوكمڕانی عێراقەوە و بۆ نزیكەی 37 ساڵ بەردەوام بوو.

دوای دامەزراندنی حكوومەتی كاتی عێراقی و دەست بەكاربوونی كابینەی عەبدولڕەحمان نەقیب، مەندووبی سامی بەریتانی لە عێراق، سیرپرسی كۆكس، سەرقاڵی دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بوو، بۆ پۆستی پاشایەتی عێراق.

فەیسەڵی کوڕی شەریف حسێن، لە 23ـی ئابی ساڵی 1921، تاجی لەسەرنرا و تەختی پاشایەتی وەرگرت و بووە یەکەمین پاشا لە عێراق، كه ئاڕاستەی سیاسیان تا رادەیەکی زۆر نەتەوەخوازی عەرەبی بوو.

شا فەیسەڵ، لە شاری بێرنی وڵاتی سویسرا، لە  7ـی ئەیلوولی 1933 بە شێوەیەكی كتوپڕ كۆچی دوایی كرد و دوای هەشت رۆژ تەرمەکەیان گەڕاندەوە بۆ عێراق و لە گۆڕستانی پاشایەتی لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغداد نێژرا.

بە مردنی شا غازی، تەختی دەسەڵات درایە شا فەیسەڵی دووەمی کوڕی، كە ئەویش لە تەمەندا بچووك بوو، بۆیە عبدولئیلاهى خاڵی دەسەڵاتی وڵاتى وەرگرت وەکوو جێگری جێنشین، تاکوو جێنشینی شا دەگاتە تەمەنی یاسایی پاشایەتی، پاشان لە دوای ئەوەی فەیسەڵی دووەم تەمەنی گەیشتە 18 ساڵی و تەمەنی یاسایی تێپەڕاند، لە 2ـی ئایاری 1953 بە كردەیی دەسەڵاتی پاشایی عێراقی گرتەدەست و بە فەرمی بووە سێیەمین پاشای عێراق.

تەرمەكانیان شێوێندرا

لە بەرەبەیانی رۆژی 14ـی تەموزی 1958، لەلایەن کۆمارییەکانی سوپا بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم، کودەتا دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق هەڵگیرسا و خانەوادەی شا بە دەنگی تۆپ و فڕۆکە لە خەو راچەڵەكین و کۆشکی شا لەلایەن کوودەتاچییەکانەوە گەمارۆ درا.

شا و كەسوكاری، دوای ئەوەی خۆیان دا بەدەستەوە، درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و خانەوادەی شایان گولـلەباران کرد و تەرمی عەبدولئیلاهـی خاڵی هەڵواسراو و سوتێنرا و پارچە پارچە کرا و کرایە رووباری دیجلەوە.

کودەتا بووە هۆی هەرەسهێنانی دەسەڵاتی 37 ساڵەی پاشایەتی لە عێراق، خانەوادەی شا بە خراپترین شێوە کوژران و کەسیان بە زیندوویی نەهێشتەوە، تەنانەت خزمەتکارەکانی کۆشکیش بەر لێشاوی کوشتنەکە کەوتن و سوکایەتی بە تەرم و لاشەکانیان کرا و سوتێنران و هەڵواسران و بە یەكێك لە توندوتیژییه خوێناوییەكانی مێژووی عێراق لەقەڵەمدراوە.

65 ساڵ لەمەوبەر سیستمی پاشایەتی لە عێراق کۆتایی پێهات

65 ساڵ لەمەوبەر سیستمی پاشایەتی لە عێراق کۆتایی پێهات