کرێی سێ مانگ قەرزارە
پەروینی بەرنامەی زەنگ چاوەڕوانی کەرەمی خوایە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
پەروین محەمەدی بەرنامەی زەنگ چاوەڕوانی کەرەمی خوایە و لەرزیشی لێهاتووە مەکتەب بکرێتەوە چۆن خەرجی منداڵ و نەوەکانی بکات و بۆ دوو هۆدەی قوڕ شوکری خودا دەکات.
ساڵانێک خانمە تاقانەکەی بەرنامەی زەنگ بە قسە خۆشەکانی و رۆڵەکەی خەندەی دەخستەسەر لێوی هەمووان، بەڵام ئیستا خەند لە لێوی خۆی تۆراوە و نەخۆشی و نەبوونی ژیانی تاڵ کردووە و ناتوانێت لە ماڵەکەی خۆشی بە باشی رێ بکات، پەیامنێری 964 لە نزیکەوە سەردانی دەکات تا لە حاڵ و ئەحواڵی بپرسێت و دڵنیابینەوە لە دۆخی تەندروستی و بە دڵی پڕەوە پێی وتین، زەمەن بگەڕێتەوە هەرگیز هونەر ناکەم، ناکروزێمەوە، بەڵام دۆخم زۆر خراپە، فەقەرات و ئینزلاق و سەوەفانم هەیە و پزیشک دەڵێت چارەسەرەکەی دانانی برخووە، منیش 50 وەرەقەم نییە، کرێی سێ مانگی ماڵەکەم قەرزارم و سێ کوڕەزاشم بەخێودەکەم دایکیان نەماوە.
پەروین هێندە ژیانی لە کونەمەرگی و ئازاردایە، بە دوو هۆدەی قوڕ شوکری خودا دەکات، بەس لە قەرزوقۆڵی رزگاری بێت، وەک باسیشی دەکات هیچی بۆ نەکراوە و ناتوانێت پێشەکی ئەو شوقانەش بدات کە دابەشکراوە بەسەر بەشێکی هونەرمەنداندا.
پەروین محەمەد، یەکێک بوو لە ژنە ئەکتەرە تاقانەکەی بەرنامەی زەنگ کە لە ساڵانی نەوەدەکان نمایش دەکرا.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح