ئەمە دووەم حاڵەتی خنکان ئەمڕۆ لەو دەڤەرە
منداڵێک لە رووباری بلێ خنکا و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
منداڵێکی نۆ ساڵان لە رووباری بلێی دەڤەری بارزان لە گۆمێکی ئاودا خنکا و تاکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەمە، 21.8.2025 ئەمە دووەم حاڵەتی خنکانە، ئەوەی تریشیان هەر کەمێک پێش ئێستا بوو لەسەر زێی قەندیل.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت، ”کەمێک پێش ئێستا ئاگادار کرانەوە لە خنکانی منداڵێکی نۆ ساڵ، لە رووباری شانیک، منداڵەکە خەڵکی بلێیە، تاکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە”.
وتیشی، ئەو شوێنەی مندالەکە لێی خنکاوە گۆمە، بۆیە پێشبینی دەکەین زوو تەرمەکەی بدۆزرێتەوە، ئێستا تیمەکانی مێرگەسۆر سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە و تیمەکانی سۆرانیش دەرچوون بۆ هاوکاری کردنیان.
کاتژمیر 6:30ـی ئێوارە نوێکرایەوە
کەمێک پێش ئێستا تەرمی منداڵە 9 ساڵییەکە دۆزرایەوە، کە لە رووباری بلێدا خنکابوو.
رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بە 964ـی وت، تەرمی منداڵەکە لە لایەن تیمەکانی مەلەوانی بەرگریی شارستانی دۆزرایەوە، هەر لەو گۆمەی کە خنکا بوو، ئێستا تەرمەکەی دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی بلێ.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر