بۆ زیاتر لە دوو هەفتە دادەخرێت
ئاگرەکە زیانێکى زۆرى پێگەیاندووە؛ مزگەوتێکى کەرکوک سووتا
964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، بەهۆى شۆرتى کارەبا، ئاگر لە مزگەوتى سیدە سداد بەرزنجى لە گەڕەکى عەسکەرى شارى کەرکوک سووتا، کارمەندێکى بەرگرى شارستانیش لەکاتى کوژاندنەوەى ئاگرەکە لەسەربانى مزگەوتەکە کەوتە خوارەوە و دەست و قاچى شکا.
بورهان شکور بانگبێژی مزگەوتی سەیدە سداد بەرزنجی بە 964ـی وت،” کاتژمێر 3ـى بەرەبەیان پەیوەندیم پێوەکرا کە مزگەوتەکەمان ئاگرى گرتووە، هەرزوو گەیشتینە ناو مزگەوتەکە پاشان کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە و بنکەی پۆلیسی دۆمیز و وەقفی سونی و فەرمانگەی کارەبا گەیشتن و توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت”.
وەک باسى دەکات، زیانى زۆر بە مزگەوتەکە گەیشتووە و لانیکەم بە 10 بۆ 15 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، چونکە فەرشەکان و سەقفى مزگەوتەکە و دەرگاو پەنجەرەکانى بەتەواوەتى سووتاون.
وەک ئەوەى باسى دەکات، لەمڕۆوە دەست بە نۆژەنکردنەوە دەکەن و پێدەچێت زیاتر لە دوو هەفتە بخایەنێت.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح