هەڵەبجە
بۆ رۆحی ئارى جوانەمەرگ؛ خواردن و خواردنەوە بەخۆڕاییە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
بۆ رووحى ئارى جوانەمەرگ، ئەو گەنجە خۆبەخشەى هەڵەبجە کە لە ئاگرەکەى رۆژى یەکشەممە لە سنوورى کۆکۆیى هەڵەبجە گیانى بەخشى بە ژینگەى کوردستان، ئەمڕۆ لە شوێنى کارکردنى ئارى خواردن و خواردنەوە بێبەرامبەرە.
کوردۆ عەبدوڵا، هاوکار و هاوڕێى ئارى جوانەمەرگ بە 964ـى وت،”ماوەی شەش مانگ بوو ئاری لەم کەبابخانەیە کاری دەکرد، ئێمەش وەک وەفایەک بۆ گیانی ئەو و بۆ دڵخۆشکردنی منداڵان و کرێکاران، بڕیارمانداوە ئەمڕۆ خواردن و خواردنەوە بە خۆڕایی دابەشبکەین بەسەر ئەو کەسانەی روو لە دووکانەکانمان دەکەن، بەڵکو ببێتە خێرێک و بگاتە ئاری جوانەمەرگ”.
رێباز ناسیح، کە هاوڕێى ئارییە و لە رۆژى کوژاندنەوەى ئاگرەکە لەگەڵى بووە، چیرۆکى گیانبەخشى ئارى بۆ 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت،”ئێمە پێکەوە دەچووین بۆ کوژاندنەوەی ئاگر، ئەو رۆژەش هەر پێکەوە بووین، هەموو شتێک باش بوو و ئاگرمان دەکوژاندەوە، بەڵام لەپڕ بایەکى بەهێز هەڵیکرد و ئاگرەکە بەخێرایى تەشەنەى کرد، من و هاوڕێیەکى ترم هەر فریاکەوتین رابکەین، دواتر نەمانتوانى هەڵسینەوە، ئەوەندەم پێکرا بە جیهاز هاوڕێیەکى ترمان ئاگادار کردەوە کە فریاى ئارى بکەوێت، بەڵام بەداخەوە ئاگرەکە زەفەرى پێ بردبوو”.
جەختیش دەکاتەوە، بۆ رووحى ئارى بەردەوام دەبن لە کارەکانیان و کوژاندنەوەى ئاگر و پاراستنى ژینگە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح