بە ئاراستەى کەرکوک و چەمچەماڵ
وردەکارى داخستنى رێگاى دەروازەى سلێمانى
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
لە رۆژى هەینییەوە، بەشێک لە شەقامى سلێمانى بە ئاراستەى کەرکوک، بۆماوەى سێ رۆژ دادەخرێت و سەرپەرشتیارى پڕۆژەکەش دەڵێت، رەنگە لە دوو رۆژدا تەواوى بکەین.
دوێنێ شارەوانى سلێمانى لە ئاگادارییەکدا بڵاوى کردەوە،” لەچوارچێوەی کارەکانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەترى لە یەکتربڕی تاسڵوجە، لە لایەن تیمەکانمانەوە دەستدەکرێت بە دانانی گرێدەر بۆ سەقفی پردەکە و بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لە شەقامی سلێمانی بە ئاڕاستەی کەرکوک دادەخرێت”.
وەک باسکراوە، داخستنەکە رۆژى هەینى 22ـى ئاب دەستپێدەکات و بۆ ماوەى سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
هێمن جەلال، سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە بە 964ـى وت،” سێ رۆژمان داناوە بۆ داخستنى رێگاکە، بەڵام ئەگەر شتێکى نەخوازراو نەیەتە پێشەوە لە دوو رۆژدا تەواوى دەکەین”.
شارەوانى سلێمانى، بۆ چارەسەرکردنى گرفتى هاتووچۆ رێگەى جێگرەوەى بۆ شۆفێران دیاریکردووە بەم شێوەیە:
یەکەم: ئاڕاستەی (سلێمانی-تاسڵوجە-کەرکوک ) لە جیاتی سلێمانی بۆ کەرکوک .
دووەم: ئاڕاستەی( کەرکوک- سلێمانی) دەخرێتە سەر سایدی ئاڕاستەی (سلێمانی- کەرکوک).
پێداچوونەوە: وریا فەتاح