لە دوکان تا بەغدا بە مەلە دەبڕێت
دۆلفینەکەى کوردستان بە نیازی ریکۆردێکی جیهانییە
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
دۆلفینەکەی هەولێر دەیەوێت بە مەلە لە دوکانەوە بچێت بۆ بەغدا و بۆ یەکەم جار وەک کوردێک رێکۆردی جیهانی تۆمار بکات و ناوی بچێتە کتێبی گینیسەوە
توانا نامیق مەلەوانێکی شاری هەولێرە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “ئێستا رۆژێک نا رۆژێک راهێنان دەکەم بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە ئاوی زێی بچوک لە تەقتەق مەلە دەکەم و 100 کیلۆمەتر دەبڕم، بۆ ئەوەی گەشتە مەلەوانییەکەم لە دوکانەوە بۆ بەغدا دەستپێبکەم کە مەوداکەی 600 کیلۆمەترە”.
وتیشی، بەهۆکاری ئەمنی جارێ گەشتەکەم دوا خستووە و بڕیارە تیمی کتێبی گینیس لە ماوەی گەشتەکە لەگەڵم بن کە لە دوو کەس پێکهاتوون.
سەبارەت بە پشوودان و نان خواردن ئەو مەلەوان دەڵێت، هەر لە ناو ئاو خۆم دەخەمە سەرپشت و پێویست ناکا بووەستم بۆ نان خواردن و خەوتن، ئەو خواردنانەش دەخۆم کە خەو دوادەخەن.
توانا نامیق لە ساڵی 2012ش لە تورکیاوە بۆ یۆنان بە مەلە گەشتی کردووە و ئەو کاتەش 30 کیلۆمەتری بڕیوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر