دامەزراندن و سوپاسنامەى به‌كۆمه‌ڵ راگیران

چوار سەرۆکایەتییە باڵاكه‌ى عێراق چه‌ند بڕیارێكیان بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌ركرد

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌ باڵاكه‌ى عێراق بڕیاریاندا، بە راگرتنی دامەزراندن و دەركردنی سوپاسنامەی بە كۆمەڵ بۆ فەرمانبەران، داواشیان له‌ كاندیدەكانى هه‌ڵبژاردن كرد خۆیان به‌دوور بگرن له‌ یەکترشکاندن و زمانی تائیفی و رەگەزپەرستیش بەکارنەهێنن.

ئه‌مڕۆ چوار سەرۆکایەتییەکە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا كە واژۆی هەرچوار سەرۆكەكەی لەسەرە، جەختیان لەسەر پێشنیارەکانیان بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردەوە، بۆ گرتنەبەری ژمارەیەك رێکار بەمەبەستی مسۆگەرکردنی پاک و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن.

یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان، پێویستە هەموولایه‌ك پابەندبن بە یاسای بودجەی فیدراڵی و راگرتنی دامەزراندنەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ بەخشینی زەوی، بەپێی رێنمایی و دوور لە بەڵێنی هەڵبژاردن.

بەپێیی راگەیەندراوكەیان، داوایان کردووه‌ کە پێدانی سوپاسنامەی بەکۆمەڵ بە فەرمانبەران لەلایەن بەرپرسانەوە رابگیرێت، و رێنمایی توند دابنرێت بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی توانای مرۆیی و ماددی دەوڵەت و دەسەڵاتی فه‌رمانبه‌ری، بەمەبەستی بانگەشەکردن بۆ كاندیدەكان.

جەختیان لەسەر گرنگی پشتبەستنی لایەنە سیاسییەکان و كاندیدەكان كردووه‌ته‌وه‌ بە پرۆگرامی هەڵبژاردن، کە لەسەر بنەمای کارنامەیەکی ئیداری بۆ دەوڵەت بێت و دوورکەوتنەوە لە وتاری یەکترشکاندن و زمانی تائیفی یان ڕەگەزپەرستی.