بەڕێوبەری بەرگری شارستانی بۆ 964:
ئاگرەکەی سنووری هەڵەبجە کۆنترۆڵکرا
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئەمڕۆ سێیەم رۆژ بوو ئاگرێکی گەورە سنووری هەڵەبجە گرتبووەوە و بەهۆیەوە دووکەس گیانیان لەدەستدا، دوای هەوڵێکی زۆر ئەمشەو ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.
دوای ئەوەی لە دوانیوەڕی یەکشەمە 17.8.2025ەوە ئاگرێک لە سنووری ناوچەکانی مۆردین و چنار سەریهەڵداو، دواتر بەرەو گوندەکانی نەیجەڵە، و دەرەناوێ و سنووری گوندی سازان تەشەنەیکرد، ئەمشەو توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت.
عابدین عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە 964ی وت، لە ئێستادا ئاگرەکە لە هەموو لایەکەوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام ئێمە وەک ئەرکی خۆمان ماوەیەک دەبێت چاودێری بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە جارێکی دیکە سەرهەڵناداتەوە”.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش زانیار عومەر وتەبێژی بەرگری شارستانی بە 964ی وتبوو، “لەو شوێنانەی کە سەرەتا ئاگرەکە سەریهەڵدا توانیومانە کۆنترۆڵی بکەین و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەین لە نزیک ناوچەی سازان، و بە هیواین ئەمڕۆ بتوانین بە تەواوی کۆنترۆڵی بکەین”.
ئاگرەکە جگە لە سووتاندنی سەدان دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سرووشتی ناوچەکە و رەز و باخی هاوڵاتیان زیانی گیانیشی لێکەوتەوە، هاوڵاتیەکی خۆبەخش بە ناوی ئاری موختار و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە ناوی محەمەد حەیدەر لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا گیانیان بەخشی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی