کرێکارێک لە کاتى کارکردندا _وێنە: Hangaw NGO
پارەى فۆڕم
وەزارەتی کار: وەرگرتنى پارە لە کارخوازان نایاساییە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی کوردستان، نووسینگەکانی بەکارخستنی کرێکاری خۆماڵی ئاگادار دەکاتەوە کە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک لە کارخوازان بە ناوی “پارەی فۆڕم” یان هەر بیانوویەکی ترەوە نایاساییە و سزای بەدواوە دەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی رێنماییەکانی مۆڵەتپێدان بە نووسینگەکانی بەکارخستنی کەرتی تایبەت، ئەو نووسینگانە تەنها دوای دۆزینەوەی هەلی کار و دامەزراندنی کەسەکە، بۆیان هەیە بڕێک پارە وەربگرن، ئەم بڕەش نابێت لە 25%ـى مووچەی یەک مانگی ئەو کرێکارە زیاتر بێت.
داوا لە هاوڵاتییانیش دەکات، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی وەرگرتنی پارەی پێشوەختە، دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە لە رێگەی “هێڵی هۆشیاری کرێکاران”ـەوە.
هۆشداریی تووندیش دەداتە ئەو نووسینگانەی کە پابەندی رێنماییەکان نابن و رایدەگەیەنێت کە هەر نووسینگەیەک پارە لە کارخوازان وەربگرێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی تووند دەبێتەوە.
بۆ دڵنیابوون لە مۆڵەتی فەرمی و یاسایی بوونی نووسینگەکان، وەزارەتی کار ئاماژەی بەوە کردووە کە لیستی ناوی ئەو نووسینگە مۆڵەتپێدراوانەی کە کار بۆ دۆزینەوەی هەلی کار دەکەن، لە پۆرتاڵی فەرمیی “کار” بە ناونیشانی (kar.molsa.gov.krd) بڵاوکراوەتەوە.
جەختیشی کردەوە کە هیچ پەیج و شوێنێکی تر کە مۆڵەتی فەرمییان نییە، باوەڕپێکراو نین.
لەکاتى بوونى سەرپێچى لە رێنماییەکان، هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارانەوە بکەن:
(07721225500)
(07511225500)
(5500)