چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوە
باسی موچەی فەرمانبەران نەكراوە
چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ لە بەغدا هەر چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوە، بە گوێرەی راگەیاندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، لە بارەی پێشهاتەكانی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتوو گفتوگۆ كراوە.
سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 18.8.2025 سەرۆك كۆمار عەبدولـلەتیف رەشید میوانداریی كۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆكایەتییەكەی كرد لە كۆشكی بەغدا، كە هەریەكە لە سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی پەرلەمان مەحمود مەشهەدانی و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فایەق زێدان بەشداربوون.
وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێشهاتەكان لە عێراق و هەروەها دۆسیەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كرا.
“لە كۆبوونەوەكەدا ئەو پێشنیارانەی سەرۆك كۆمار خرانەڕوو، كە داوا دەكات پێویستە ژینگەیەكی لەبار بۆ هەڵبژاردن بڕەخسێندرێت و بە شەفافی و دەستپاكییەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها هەلی یەكسان بۆ هەموو ركابەرەكان بێتەئاراوە”، راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتیی كۆمار وادەڵێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، گفتوگۆ لە بارەی دانیشتنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمان و كێشەكانی كراوە، هەروەها دووپاتی جێبەجێكردنی یاساكان كراوە، بە تایبەتی یاسای لێبوردنی گشتی.
بەگوێرەی راگەیاندراوەكە، باسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان نەكراوە.