هاوڕێکانى خەمبارن
هەڵەبجە لە ماتەمدایە؛ بۆ ئارى پاڵەوانە خۆبەخشەکەى سروشت
964+
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
شاری هەڵەبجە ماتەمینی بۆ گەنجێکی خۆبەخشی تەمەن 28 ساڵ دەگێڕێت، کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و سروشتی شارەکەیدا، گیانی خۆی بەخشی، هەر بۆیەشە نازناوى شەهیدى ژینگە بە ئارى موختار بەخشرا.
دوێنێ، کاتێک ئاگرێکى گەورە بەرەو باخ و ڕەزەکانی سنووری هەڵەبجە هەڵکشا، لەو کاتەدا ئارى لە هۆڵى لەشجوانى بووە، بەڵام پێش ئەوەى دەست بە یارى کرن بکات تەلەفۆنى بۆ دەکرێت و خۆى دەپێچێتەوە و دەچێت بەرەو شوێنەکە.
سوهەیب زاهیر، هاوڕێ و خاوەنکاری ئاری، بە مەراقێکى زۆرەوە بۆ مایکى 964 قسەى کرد و وتى “دوێنێ پێکەوە بووین هەتا ئەو کاتەی تەلەفۆنیان بۆ کرد کە ئاگرێک هەیە، هەرچەندە پێم وت مەڕۆ، بەڵام ئەو وتی ” فی سەبیلیـلا دەڕۆم”، بەداخەوە ئەو رۆشتنەى رۆیشت ئیتر نەگەڕایەوە”.
ئارى کە لە کەبابخانەیەکى بچوک کارى دەکرد، کلیلەکانى ئەو دووکانە هەر لە گیرفانیا بووە کە بەرەو ئاگرەکە رۆشتووە، ئەوەتا ئەمڕۆ دوکانەکە بە داخراوى ماوەتەوە و هاوڕێ و هاوکارەکانى لە پرسەکەیدا وەستاون.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح