كۆبوونەوەكەی ئالاسكا چی لێكەوتەوە؟

دیداری داهاتووی ترەمپ و پوتين لە مۆسكۆ دەبێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا لە ئالاسکا، بە بناغەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن دادەنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە لە کەشێکی رێزگرتنی یەکتردا ئەنجامدراوە، داواشی لە سەرۆكی ئەمریكا كرد كۆبوونەوەی داهاتوویان لە مۆسكۆ بێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی روسیا بۆ میدیاكان قسەیان كرد، بەڵام رێگەیان بە پرسیاركردنی رۆژنامەنووسان نەدا، ئەمەش دوای كۆبوونەوەكەیان لە ئالاسكا، كە بە “لووتكەی مێژوویی” وەسف دەكرێت.

سەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پوتین وتی، پەیوەندی راستەوخۆی زۆر باشیان لەگەڵ ترەمپ دامەزراندووە، جەختی لەسەر پێویستی “كۆتاییهێنانی دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا و لەئامێزگرتنی دیالۆگ” کرد.

سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن لەم دواییانەدا گەیشتووەتە ئاستێکی نزم و جەختی لەسەر پێویستی “راستکردنەوەی رەوتی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و دەستپێکردنی هەنگاوی هاوبەش” کردووەتەوە.

سەرۆکی روسیا روونی کردەوە، “دەبێت یەکلاییکردنەوەی شەڕی ئۆکرانیا درێژخایەن بێت”، راشیگیاند دیدگای روسیای سەبارەت بە شەڕەكە بۆ سەرۆکی ئەمریکا روونکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ترەمپ هاوڕام لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی داواکارییەکانماندا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا خواستێکی راستەقینەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کیێڤ.

ترەمپ چی وت؟

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتین بە “زۆر بەرهەمدار” وەسف کرد و وتی، “لەگەڵ روسیا پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا و پەیوەندیی منیش لەگەڵ پوتین هەمیشە گەورە بووە”.

هەروەها لە لێدوانێکی کورتدا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، “دەمانەوێت ناکۆکییەکانمان لەگەڵ روسیا تێپەڕێنین و لە رێگەی چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانداین”.

وتیشی: “زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەوروپا لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئالاسکا ئاگادار دەکەمەوە”. هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەدا پوتین دەیەوێت شەڕەکە کۆتایی پێبێت و خوێنڕشتنەکە بوەستێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە زۆر خاڵدا لەگەڵ پوتین هاوڕا بووم و کەمێکی ماوە”.

“کۆبوونەوەکەم لەگەڵ پوتین 10 لەسەر 10”

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ترەمپ قسەی بۆ پوتین کرد و گوتی “بەم نزیکانە پەیوەندیت پێوە دەکەمەوە”، پوتینیش لە وەڵامدا وتی: دانوستانەکانی داهاتوو لە مۆسکۆیە.

ئەو دوو سەرکردەیە بەبێ وەرگرتنی هیچ پرسیارێک لە میدیاکان و رۆژنامەنووسان، یان وردەکارییەکانی دانوستانەکان سەبارەت بە داهاتووی ئۆکرانیا بەیەکەوە رۆیشتن.

دواتر سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی راگەیاند “من بۆ کۆبوونەوەکەم لەگەڵ پوتین، 10 لە 10 دەدەم”.

کلاسیکۆى ترەمپ و پۆتن

کلاسیکۆى ترەمپ و پۆتن