دوو گەڕەک

بۆسکێن؛ کۆتایی بە سەردەمی تانکەر هات و ئاوی ماڵانیان پێدەگات

964+

وریا فەتاح

کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دوو گەڕەک لە شارەدێی بۆسکێنی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین چارەسەر کرا و بۆ لەمەودوا زیاتر لە 150 ماڵ لە رێگەی تۆڕی نیشتمانییەوە ئاویان پێدەگات، لەکاتێکدا پێشتر بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرا.

بەڕێوەبەرایەتى ئاوى راپەڕین بڵاوى کردەوە، گەڕەکەکانی “نالیا” و “برایەتی” لە شارەدێی بۆسکێن، کە پێشتر پشتیان بە تانکەر دەبەست بۆ ئاوی خواردنەوە، ئێستا بوونەتە خاوەنی تۆڕی ئاوی سەربەخۆ.

پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕینەوە دیزاین و پێداویستییەکانی بۆ ئامادەکرابوو، دواتر لە رێگەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینەوە رەزامەندی دارایی بۆ وەرگیرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین مۆڵەتی هەڵکەندنی بیرێکی قوڵی بۆ پڕۆژەکە دەرکردووە، کە ئێستا بە سەرکەوتوویی کارەکانی تەواو بووە و ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵەکانی هەردوو گەڕەک دابین دەکات.

وەک ئەوەى بەڕێوەبەرایەتییەکە روونى کردووەتەوە، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، نزیکەی 150 بۆ 200 خێزان لەم دوو گەڕەکە سوودمەند دەبن و ماڵئاوایی لە کڕینی ئاو بە تانکەر دەکەن.

بۆسکێن شارەدێیەکى سەر بە قەزاى رانیەیە لە ئیدارەى راپەڕین کە دەکەوێتە باکورى خۆرهەڵاتى رانیە و نزیکە لە  دەریاچەى دوکانەوە.

150 ماڵى شارەدێى بۆسکێن کێشەی کەمئاویان چارەسەر دەبێت

150 ماڵى شارەدێى بۆسکێن کێشەی کەمئاویان چارەسەر دەبێت