دوا ئەوەی كێشەی بێ‌ ئاويی لە سنوری سێ‌ شارەوانی چارەسەركران

قۆناغێكی دیكەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دەستپێدەكات

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی کارەکانى ‏پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆ و بەستنەوەى بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزاریى لە سنووری شارەوانیەکانى ( 4 – 5 – 6 ) لە پارێزگای هەولێر كۆتایی هات، بەمنزیكانە دەستدەکرێت بە کارکردن لە دانانی بۆڕییەکان لە سنووری شارەوانییەکانی 2 و 3.

لە پێنج مانگی یەکەمى کارکردن لە پڕۆژەکە، نزیکەی ( 200 هەزار مەتر ) بۆڕی لە سنووری شارەوانییەکانی 4 – 5 – 6 داندراوە و کۆتایی مانگی رابردووش، ئاوی پاک گەیشتە سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەی 120 مەترى خێراى هەولێر، لە سنووری ئەو سێ‌ شارەوانییە، کە پێشتر کێشەی بێ ئاویان هەبوو و لە ئێستا کێشەکەیان چارەسەرکرا.

پارێزگای هەولێر، بڵاویكردەوە، رۆژانی داهاتوو دەستدەکرێت بە کارکردن لە پرۆژەکە و دانانی بۆڕییەکان لە سنووری شارەوانییەکانی 2 – 3 و بڕیارە لە ماوەیەکى نزیکدا، بڕی 215 هەزار مەتر بۆری ئاو، بە شەش تیرەی جیاواز بۆ ئەو گەڕەکانەى دەکەونە سنوورى ئەو شارەوانییە دابندرێت.

باسی لەوەشكردووە، پڕۆژەکە قۆناغى زۆر باشى بڕیوە، کە پڕۆژەیەکى ستراتیجى گەورەیە و گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە بۆ شارى هەولێر، ژمارەی ئەو ماڵانەی لەو پڕۆژەیەشدا سوودمەند دەبن ( 248 هەزار ماڵە ) کە دەکاتە 63 هەزار هاوبەشی ئاو لە هەولێر و دەوروبەری.

90٪ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تەو...

90٪ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە

پڕۆژەی دانان و دابەشکردنى تۆڕى ئاوى ناوخۆ لە هێڵە لاوەکیەکان و بەستنەوەى بە هێڵە سەرەکیەکانى پڕۆژەى فریاگوزارى خێراى گەیاندنى ئاو بۆ ناو شارى هەولێر، کە تەواوكەری پرۆژەی  فریاگوزاری ئاوی خێراى هەولێرە، لە 20ی مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردی بناغەی داندرا و بڕیارە لە ماوەی یەکساڵ بڕی ( 413 هەزار مەتر ) بۆری پلاستیکی بە شەش قەبارەی جیاواز، لە کوچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر دابندرێت.

کوژمەی پڕۆژەکە ( 25 ملیار دینار)ـە و لەلایەن کۆمپانیای کەیوەن جێبەجێی دەکرێت و لە 8ى ئەیلولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا.