جگەرەی ئەلیكترۆنی کە لە یەکێک لە مارکێتەکانی سلێمانی دانراوە بۆ فرۆشتن. فۆتۆ: 964
دوای قەدەغەکردنی
هێشتا جگەرەی ئەلیکترۆنی لە بازاڕی دهۆک دەفرۆشرێت
964+
هێڤی دێوالی- دهۆک
دوای ئەوەی لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ داواکاری گشتی دهۆک جگەرەی ئەلیکترۆنی قەدەغە کرد، هێشتا لە بازاڕ ئەو جگەرەیە بە ئاشکرا دەفرۆشرێت.
رۆژی 31.1.2023 داواکاری گشتی لە دهۆک، بڕیاریارێکی دەرکردووە، لە بڕیارەکە هاتووە جگەرەی ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکرێت، هەر کەس سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.
ئاراز مستەفا، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی پارێزگای دهۆکە، بە تۆڕی 964ی راگەیاند مانگێک مۆڵەت درابوو بە دوکاندارەکانی بازاڕی دهۆک، دوا مۆڵەت بۆ دوکاندارەکان تا 15.2.2023 بوو، لەو رێککەوتەوە هەر دوکانێک جگەرەی ئەلیکترۆنی بفرۆشێت سزا دەدرێت.
ئاراز ئەوەشی وت “لەماوەی دوو رۆژی داهاتوو پێویستە هەموو دوکاندارەکان ئەو جگەرە ئەلیکترۆنیانە لاببەن”.
یەکێک لەو دوکاندارانەی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەفرۆشێت، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی 964ی وت “راستە بڕیاردراوە، بەڵام لە بازاڕ بە ئاسانی دەستدەکەوێت و هێشتا ئێمە هەر دەیفرۆشین، چونکە لە هەموو بازاڕ هەیە”.
جگەرەی ئەلیکترۆنی لەبازاڕدا پێی دەوترێت “ڤیپ” ماوەی چەند ساڵیکە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە بازاڕەکان هەیە و بەردەوام پزیشکان هۆشداری لەسەر کاریگەریە خراپەکانی دەدەن بۆسەر تەندروستی مرۆڤ.
پێداچونەوەی: فەهمی نەبی