میسر
مۆبایلێک لە گەدەی كەسێک دەرهێنرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تیمێکی پزیشکیی تایبەتمەند لە نەخۆشخانەی گشتیی غەردەكە لە میسر نەشتەرگەرییەکی بەپەلەیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا، بۆ دەرهێنانی مۆبایلێکی بچووک کە لەلایەن نەخۆشێکەوە قووتدرابوو.
مۆبایلەکە رێگری لە دەرچەی گەدەدا کردبوو، ژیانی كەسەكەی خستبووە مەترسییەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی دەریای سوور لە میسر بە میدیاكانی ئەو وڵاتەكەیان راگەیاند، نەخۆشەکە بە باری ناجێگیرەوە گەیشتووەتە نەخۆشخانەکە، بە دەستی ماندوێتی زۆر و ڕشانەوەی بەردەوام و ئازاری توندی سکەوە دەیناڵاند.
باسی ئەوەشیان كردووە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکیی پێویست و تیشکی ئێکس، دەركەوتووە كابرا مۆبایلێكی قووت داوە، که كارێكی چاوەڕواننەكراو و نامۆیه.
دواتر تیمی پزیشکی بە نەشتەرگەری مۆبایلەکەیان لە گەدەی ئەو نەخۆشە دەرهێنا و بە قسەی تیمە تەندروستییەكە ئێستا شوكر وەزعی باشە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
سەرچاوەكە دەڵێت، مۆبایلەكە لە جۆرێكی بچووك بووە و گەیشتووەتە ناو گەدەی هاوڵاتییە میسرییەكە.