بەرێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی زاخۆ - فۆتۆ تایبەت بە 964
موژدەیەک بۆ لاوانی بێگۆڤا و باتێل
بایی 10 هەزار دولار کەرەستەیان بە دیاری وەرگرت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە رۆژی جیهانیی لاواندا، بەرێوەبەرایەتیی لاوانی زاخۆ بایی 10 هەزار دولار کەرەستەیان لەلایەن رێکخراوێکەوە بە دیاری پێشكەش كرا، موژدەش بە لاوانی هەردوو ناحیەی بێگۆڤا و باتێل دەدرێت كە ناوەندیان بۆ دەكرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12.8 لە رۆژی جیهانیی لاواندا، بێوار ئەکرەم بەڕێوەبەری لاوانی زاخۆ بە 964 وت، سوپاسی رێکخراوی IOM دەکەین بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی کردوویانە، کە بایی 10 هەزار دولار کەرەستەیان پێداون.
وتیشی، ئەم کەرەستانە لە خزمەت لاوانی سنوری ئیدارەی زاخۆدا بەکاردەهێنین.
کەرەستەکان پێکدێن لە کۆمپیۆتەر، کورسی سەرتاشی و ئامێری جوانکاری، هەروەها ژمارەیەک کەرەستەی تر، کە بۆ فێرکردنی گەنج و لاوان بەکاردێن، بۆ ئەوەی فێری پیشەیەک ببن و دەرفەتێکی کار تایبەت بە خۆیان بدۆزنەوە.
“هەر بەم بۆنەیەوە موژدە بە لاوانی هەردوو ناحیەی بێگۆڤا و باتێل دەدەین، لە داهاتوویەكی نزیکدا دوو بنکەی تایبەت لەو دوو ناحیە دروست دەکەین و لەوێش خزمەتی ئەو گەنجانە دەکەین”، بەڕێوەبەری لاوانی زاخۆ وای وت.
بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی زاخۆ ساڵانە لە پشووی هاویندا خولی پیشەیی جیاجیا و بێبەرامبەر و بەبێ جیاوازی تەمەن دەکاتەوە، لەم هاوینەشدا دەیان کچ و کوڕی گەنج لە زاخۆ و قەزا و ناحیەکانی فێری پیشەی جیاجیا بوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا