"ئەوەی بۆیان نەکڕین نییە بیخۆن"

ئاژەڵدارەکانی سنووری ئاغجەلەر زەوی بە گەنم چێندراو دەکڕن

964+

عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ

ئاژەڵدارەکانی سنووری قەڵا سێوکە لەبەر بێلەوەڕی، ناچارن زەوی بە گەنم چێنراو یاخود زەوی کشتوکاڵی کە بەرهەمی نەماوە بکڕن تا ئاژەڵەکانیان تێر بکەن.

نرخی زەوییەکان بەپێی تۆنی گەنم هەژمار دەکرێت، زەوی هەیە جێگای سێ تا چوار تۆن گەنم دەبێت، بە یەک ملیۆن دیناری عێراقی فرۆشراوە.

مەریوان ستار ئاژەڵدارە بە 964ـی وت، “لەوەڕ کەمبووەتەوە و داد و بێ داد ماوین، گیانێکمان بەوەیە دەچین ئەو قایمە گەنمانە دەکڕین کە بەهۆی کەمبارانی ئەمساڵەوە گەنمی نەهێنا، ئەویش بە نرخێکی زۆر، بەس بۆ ئەوەی مەسرەفەکە لەسەر مان زۆر نەکەوێت و ناچارین دەستمان بردووە بۆ کەمکردنەوەی ئاژەڵەکانمان”.

وتیشی، “زەوییەکان نرخیان جیاوازە، هەیە تا زۆرتر بێت پارەی زیاتر دەکات بۆ خاوەن زەوییەکان، ساڵانی رابردوو هاوکاریی تەندروستیش ناوە ناوە دەهات، ئێستا دەستمان لەوەش شۆریوە، بەشێک لەو گوندانەی دوورە دەستن، دەبێت ئاویش بکڕن بۆ ئاژەڵەکانیان لەبەر گەرما و نەبوونی ئاوی پێویست”.

بەپێی ئامارێک کە لە زاری شوانکارەکانەوە دەست 964 کەوتوە، زیاتر لە 100 مێگەل مەڕ و بزن هەن لە سنوورەکە، واتا بژێویی ژیانی 100 خێزان بەندە بە بەخێوکردنی بزن و مەڕەوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

 وشکەساڵى بزنە کێوییەکانى هێنایە دەشتاییەکان

 وشکەساڵى بزنە کێوییەکانى هێنایە دەشتاییەکان