داوا لە هاوڵاتیانیش دەكەن پشتیوانیان بن
كێشەی بێ ئاویی شارەزوور و زەڕایەن و عەربەت چارەسەر دەكرێت
964+
محەمەد فاتیح
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، كێشەی بێ ئاویی قەزای شارەزوور و هەردوو ناحیەی زەڕایەن و عەربەت، سەرەتا بە شێوەیەكی كاتی، پاشان بەشێوەیەكی درێژخایەن چارەسەر بكرێت، داوا لە هاوڵاتیانیش دەكرێت پشتیوانیان بن.
فەرمانگەی ئاوی شارەزوور، بڵاویكردەوە، لە دوای هەوڵ و بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان و بەرزکردنەوەی چەندین نووسراو و دەرخستە و چەند کۆبوونەوە و سەردان و بەسەرکردنەوەیەك، لە ئایندەیەکی نزیکدا رێژەیەکی باشی ئاو دابین دەکەن، وەك قۆناغی یەکەم و پلانی کورتخایەن، کەمێك لە گرفتی بێ ئاوی رزگاریان دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکەی دەبینین.
ئاشكراشیان كرد، بڕیارە چەند قۆناغێکی تری کورتخایەن و درێژخایەن جێبەجێ بکرێن، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی و بە جێبەجێکردنی قۆناغەكان تا رادەیەکی زۆر، مەترسی کەمئاوی له قەزای شارەزوور و هەردوو ناحیەی زەڕایەن و عەربەت دەڕەوێنێتەوە.
“هیوادارین هاوڵاتیانيیش پشتیوانمان بن و لە بەفیڕۆدانی ئاو بە دووربن، بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە ئەم گرفتە سەرەکییە تێپەڕێنین”، ئەمەش داواكاری فەرمانگەی ئاوی شارەزوورە.
ئەم هاوینە، سنووری شارەزوور بە تایبەتی زەڕایەن و عەربەت، بەهۆی وشكبوونی چەند سەرچاوەیەكی ئاو، تووشی قەیرانی كەمئاوی بوونەتەوە.