جوتیارێكی نموونەیی كریستیان
حەوت جۆر ترێی نوێ لە فێستێڤاڵەكەی عەنكاوە نمایش كرا
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە باخێكی 20 دۆنمی لە قەزای عەنكاوە 37 جۆر ترێ لە فێستیڤاڵی سەبەتەی ترێ بۆ ئامادەبووان نمایش كرا، كە حەوت جۆر ترێی نوێ بەرهەمهێنراون، لەگەڵ هەنگوین و هێلكەی كوردی، رێكخەری فێستیڤاڵەكەش دەڵێت تەرزەی ئەمساڵ بەرهەمی ترێی لەناوبرد.
فێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ دووشەممە 11.8.2025 دەستیپێكرد و سەلوان سەردار خاوەن باخ و رێكخەری فێستیڤاڵ، كە جوتیارێكی نموونەیی كریستیانە، بۆ 964 وتی، “ئەمساڵ حەوت جۆری ترێی نوێمان هێناوە، كە ساڵی پار نەبوو، وشكەساڵی و تەزرەكەی مانگی چواریش زیانی زۆر پێ گەیاندین و بەرهەمەكانمان تەنیا بۆ ناوخۆیە”.
زەهرا زەنگەنە سەردانیكەری فێستیڤاڵی سەبەتەی ترێیە و بە كەیفسازییەوە بۆ 964 وتی، “بەبێ ترێی ناچمەوە، وەك هاندان دەیكڕم و پێویستە هەموو ئەوكەسانەی دەستڕەنگین بازار بۆ بەرهەمەكانیان دروست بكەن و ریكلامی بۆ بكەن”.
هێمن سەید موراد بەڕێوبەری گشتیی كشتوكالی هەولێر لەوێ بوو، بۆ 964یش قسەی كرد، “هاوكاری هەركەسێك دەكەین بیەوێت بەروبوومی ناوخۆ گرینگی پێبدا، كاتێ بەرهەمەكان پێدەگەن، ئێمە سنوورەكان كۆنتڕۆڵ دەكەین، هەروەها قڕكەر و پێویستیەكانی تریش بۆ جوتیاران دابین دەكەین”.
فێستیڤاڵی سەبەتەی ترێ بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، ساڵی پار ناوی فێستیڤاڵەكە پێرا بوو، ئەمساڵ ناوی سەبەتەی ترێیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا