دەمێکە 964 رووداوى کوشتنى راگرتووە

وەزارەتى رۆشنبیرى بۆ میدیاکان: هەواڵى تاوان و چۆنییەتى ئەنجامدانى بڵاومەکەنەوە

964+

وریا فەتاح

لە هەنگاوێکدا بۆ رێکخستنی شێوازی رووماڵکردنی هەواڵى تاوانکارى و کوشتنەکان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئاگادارییەکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی میدیا کردووە بۆ سنووردارکردنی شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵی توندوتیژی و تاوانکاری، ئەم بڕیارە دوای ماوەیەک دێت لە دەستپێشخەریی تۆڕی میدیایی 964 کە وەک یەکەم دەزگای میدیایی، بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتنی راگرت.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە ژمارە 896 لە رۆژی 10ـی ئابی 2025 دەرچووە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، هۆشداری دەداتە کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بە شێوازی رووماڵکردنیان بۆ رووداوەکانی توندوتیژی.

لە نووسراوەکەدا هاتووە: ” داوا لە میدیاکان دەکەین خۆیان بەدوربگرن لە بڵاوکردنەوە و رووماڵى هەواڵى تاوان و چۆنییەتى ئەنجامدانى، لەلایەن ئەنجامدەرانى کە بووەتە دیاردە و هەواڵى بەپەلە”.

وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم میدیاکاران دەکات کە پابەندی بنەماکانی کاری رۆژنامەوانیی پیشەگەرانە بن و رەوشی دەروونیی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگرن، جەختیشی کردووەتەوە کە هەر دەزگایەک پابەند نەبێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتى رۆشنبیرى پاش ماوەیەک دێت لەوەی کە تۆڕی میدیایی 964 وەک دەستپێشخەرییەکی میدیایى، بڕیاری راگرتنی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی دابوو.

964 ئامانجى ئەوەبوو بەم هەنگاوە ببێتە هۆى کەمکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگە، هەروەها رێگرى بکات لە ئاساییکردنەوەى تاوان، هەنگاوەکەش وەک دەستپێشخەرییەکى ئەرێنی لەلایەن بەشێک لە چاودێران و هاووڵاتیانەوە پێشوازی لێکرا.

964، لە 22.3.2025ـەوە بڕیاریداوە کە رووماڵى رووداوەکانى کوشتن رابگرێت.

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین

رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن رادەگرین

وریا فەتاح: 964 لە نوقتەی هێزەوە بڕیاریداوە رووماڵی هەوا...

وریا فەتاح: 964 لە نوقتەی هێزەوە بڕیاریداوە رووماڵی هەواڵی کوشتن نەکات