“گەردەلوول” دەستپێدەکاتەوه‌

964+
ئاودێر عومەر سلێمانی

دوای 10 ساڵ وەستانی زنجیرە درامای ته‌له‌ڤزیۆنی “گەردەلوول” جارێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە و بەشی چوارەمی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.

جەلیل زەنگەنە، دەرهێنەری زنجیرە درامای گەردەلوول، بە تۆڕی 964 راگەیاند، دوای 10 ساڵ وەستانی درامای گەردەلوول لە مانگی سێی ئەمسال دەست بە وێنەگرتنی  به‌شی چواره‌می ده‌كرێت، كه‌ لە 35 ئه‌لقه‌ پێكدێت.

“به‌شی چواره‌م بەسەرهاتەکانی ساڵی 1982 باسدەکات، تا ده‌گاته‌ كارەساته‌كانی ئەنفال، کیمیاباران و خۆپێشاندانه‌كان و راپه‌ڕین و کۆڕەوەکەی ساڵی 1991” جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ وای وت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بەدەیان جار پێداچوونەوەی بۆ ده‌قی كاره‌كه‌ کردووە “ئەگەر لە هەر سێ بەشەکەی پێشوو باشتر و به‌هێزتر نه‌بێت، نایکەم، هه‌روه‌ها ئەمە دوابەشی گەردەلوول دەبێت”.

وتیشی “بەڵێن و پەیمانیان پێداوم گەردەلوول تەواو بکەم بەبێ هیچ کێشەیەکی مادی و سپۆنسەری میدیایی، چەند کۆمپانیایەک له‌ پشت كاره‌كه‌ ده‌بن و هەموو گرفتەکان چارەسەر کراون”.

جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ ئاشكرای كرد، 100 ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی به‌شداری به‌شی چواره‌م ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ده‌یان كۆمبارس، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك رووخسار و گه‌نجی نوێ به‌شداری كاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌كته‌ره‌كانیشدا گۆڕانكاریی كراوه‌، چونكه‌ چه‌ند كه‌سێكیان له‌ ژیاندا نه‌ماون.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، ستافی هونه‌ری كاره‌كه‌ و کاستی کامێرا و یاریدەده‌ری دەرهێنەر، گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە به‌راورد به‌ به‌شه‌كانی پێشوو.

زنجیره‌ درامای گه‌رده‌لوول درامایەکی تەلەڤزیۆنییە، لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2013 سێ وەرزی لێ بەرھەمھێنرا. لەلایەن سیناریست و دەرھێنەر جەلیل زەنگەنە کاری نووسین و دەرھێنانی بۆ کراوە.

وەرزی یەکەم و دووەمی 50 ئەڵقە بوو ، وەرزی سێیەمیشی به‌ ته‌نیا 60 ئەڵقە بوو، بۆ یەکەم جار لە کەناڵی کوردسات پەخشکرا.

چیڕۆکی دراماکە باسی مێژووی خەباتی خه‌ڵكی و حزبه‌كانی باشووری کوردستان لە شاخ و ژیانی خەڵک لە سەردەمی دەسەڵاتی حكومه‌تی به‌عس دەکات.

 درامای گەردەلوول بە یەکێک لە پڕبینەرترین دراماکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دادەنرێت و دیارترین ھونەرمەندەکانی کورد لەو درامایەدا بەشدارییان کردووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا